ئەسەدوڵا ئەسەدی، ئەو پیاوەی بۆمبێکی لە ئێرانەوە گەیاندە پاریس و ویستی بیتەقێنێتەوە

دوای نزیکەی سێ ساڵ لە ئاشکرابوونی هەوڵی تەقاندنەوەی بۆمبێک لەناو لایەنگرانی موجاهیدینی خەڵقدا، ئەمڕۆ دادگایەکی بەلجیکی سزای زیندانیکردنی بە 20  ساڵ بۆ ئەسوڵا ئەسەدی بڕییەوە.

ئەسەدوڵا ئەسەدی، وەک دیبلۆماتکارێکی ئێرانی لە ئەوروپا کاریکردووە و دوای ئاشکرابوونی هەوڵدان بۆ تەقینەوەیەک بە هاوکاری سێ کەسی دیکە، لەلایەن دادگای شاری ئانترۆپی بەلجیکییەوە لێکۆڵینەوە لە دژی دەستیپێکرد.

بە وتەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و دادگا بەلجیکییەکە ئەسەدی بۆمبێکی دروستکراوی ئێرانیی بە جانتای دیبلۆماتی گەیاندووەتە ئەوروپا و ویستویەتی کۆبوونەوەی لایەنگرانی موجاهیدینی خەڵق بکاتە ئامانج کە ئێران بە هێزەکانی دژە شۆرش ناویان دەبات.

دادگای شاری ئانترۆپی بەلجیکا ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی شووبات بڕیاری دۆسیەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی پلانی تەقینەوەی گردبوونەوەی ئەندام و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدینی لە پاریس لە ساڵی 2018ی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگاکە ئەسوڵا ئەسەدی کە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا کاریکردووە، بە 20 ساڵ زیندان سزادراوە.

جگە لە ئەسەدی دادگا بەلجیکیەکە هەریەک لە ئەمیر سەعدونی بە 15 ساڵ زیندان و نەسیمە نەعامی بە 18 ساڵ زیندان و میهرداد عارفانی بە 17 ساڵ زیندان سزاداوە کە ئەو سێ کەسە پێشتر هەزاران ئێرۆشیان لەبەرامبەر هەوڵدان بۆ تەقینەوەکەدا وەرگرتووە.

دوای بڕیارەکەی دادگای شاری ئانترۆپی بەلجیکا مریەم ڕەجەوی سەرۆکی ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵق پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش تۆمەتەکانی دادگاکەی ڕەتکردەوە.

بابەتی پێشتر

لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا لە كەلار 7 کەس برینداربوون

بابەتی دواتر

خانەقین.. حەشدی شەعبی داعشەكان بۆردوماندەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share