وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکیمان.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
دەشڵێت، هاوشێوەی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، عێراق بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
ئەوەش دەڵێت، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت.