دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە ڕادەگەیەنێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر پاش کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە، بەدواداچوون و چاودێری وردیان ئەنجامدا، شەوی هەینی 10ی تەمموزی 2026، کاتژمێر 20:55 خولەکی شەو، لە نزیک ناحیەی ئاشتی، لە کاتی دەستگیرکردنیان بە چەک ڕووبەڕوی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە، سێ کارمەندی ئاسایش برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتباران لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ( تیکتۆک و سناپ چات )، بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە کردووە، لە کاتی مامەڵەکردن کەسەکانیان فریوداوە و بە زەبری چەک و هەڕەشکردن پارەیان لێسەندوون، لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەکانی (406) و (56) لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.