بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، ساڵ لەدوای ساڵ خەڵک زیاتر ڕوو لە چاندنی شوتی دەکەن، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی شارەزایی جوتیاران لە چۆنیەتیی چاندنی شوتی.
ستار مەحمود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕووبەری چێندراو بە شوتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نزیکی سێ هەزار و 800 دۆنمە و بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئێمە، بەرهەمی ئەمساڵی شوتی ناوچەکە تا ئێستا نۆ هەزار تۆنە، بە گشتی ئەوەی خراوەتە بازاڕەوە بەرهەمێکی جوانە.
وتیشی، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ساڵ لەدوای ساڵ خەڵکی زیاتر ڕوو لە چاندنی شوتی دەکەن، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا جوتیاران شارەزاییەکی زیاتریان هەیە لە چاندنی بەرهەمی شوتی و شێوازی بەرهەمهێنانەکەشی بەراورد بە جاران ئاسانترە.