دەقی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ بڵاوکرایەوە

دەقی ئەو ڕێککەوتنە بڵاوکرایەوە، کە ئەمڕۆ لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی واژووکرا.

دەقەکە:

دیموکراسی و پاراستن و بەرجەستەکردنی مافی هاوڵاتییان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و باشترکردنی حوکمڕانی، هەردوولا (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ) ڕێککەوتنێکی سیاسیی ستراتیجی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی باڵانسی هێز لە دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانیی، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابینبکات؛ ڕێککەوتنێک واژوودەکەن.

ئەم ڕێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسی و ئابورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگیی دامەزراوەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بونیاد دەنریت و بۆ زیادکردنی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوە ڕەسمییەکان و کارکردنی دامەزراوەکانیش بۆ باشکردنی گوزەران و مووچە و پێشکەشکردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ هاوڵاتییان.

بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە:

یەکەم: ئامانجەکانی ڕێککەوتن

1- گەڕانەوەی هاوسەنگی و باڵانسی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هاوکاریی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و پەرلەمان و سیاسی و دروستکردنی یەک بلۆکی سیاسی بۆ ئەم قۆناغە.

2- بەهێزکردنی کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی دامەزراوە ڕەسمییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگی.

3- چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە و داهاتە داراییەکان کە گرنگترینیان، چەسپاندنی یاسای بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

4- پەرەپێدانی سیستمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی کە سنووردارکردن و نەهێشتنی قۆرخکاری دەسەڵات بکات و چاودێریی و لێپرسینەوە، بەهێزبکات.

5- چەسپاندنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، چاودێری، جێبەجێکردن و دادوەری لە یەکتری و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەری.

دووەم: هاوکاری لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان

1- هەماهەنگی و یەکهەڵوێستی لە ناو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پشتگیری لە چاکسازیی سیاسی و دامەزراوەیی و پشتگیریکردنی پڕۆژە هاوبەش و گرنگەکان لەپێناو بەیاساییکردنیان.

2- پشتگیری لە یاساکان کە شەفافییەتی دارایی و چاودێری لە داهاتە گشتییەکان زیاددەکەن.

3- پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ چاودێریکردن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەڵسەنگاندنی کارکردن.

4- بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.

5- ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکان و پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمان و دەزگا تەشریعییەکان.

6- کارکردن بۆ گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو یاسایانەی پێویستە هەمواربکرێنەوە و ئەو بڕیارانەی بەدەر لە یاساکانی پەرلەمان دەرچوێندراون و بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکان.

7- ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی کە ئاستی بژێویی هاوڵاتییان باشتردەکەن و پەسەندکردنیان، بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، باج و ڕسوومات.

8- هاوپەیمانیتییەکە پێکەوە کاردەکەن لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵانە و جێبەجێکردنیان:

أ. گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران و کردنەوەی ژمارە حیساب بۆیان.

ب. پێدانی سلفەی زەواج بە گەنجان.

پ. دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.

ت. کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.

ج. دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاژە و هەلی کار.

چ. یەکلاکردنەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share