کۆنگرەى 12ى پەکەکە کە تیایدا بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا بە سوێندى دەستپێکردنى سەرەتایەکى نوێ کۆتایى هات.
پارتى کرێکارانى کوردستان “پەکەکە” ئەمڕۆ راگەیەندراوى ئەنجامى کۆنگرەى 12ى حزبەکەى بڵاوکردەوە و دەڵێت، “دوازدەهەمین کۆنگرەی حزبەکەمان کە لە نێوان 5-7ی ئایار بەڕێوەچوو، بە سەرکەوتوویی تەواو بوو”.
لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرسی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە چارەسەری بکرێت، لەو رووەوە ئەرکی مێژوویی پەکەکە تەواو بوو، “لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی دوازدەهەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی تەشکیلاتی پەکەکە-ى دا و کۆتایی بە میتۆدی خەباتی چەکداری هێنا، لەگەڵ پڕۆسەی پراکتیکی کە لەلایەن رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبرێت و ئەنجام بدرێت، و کۆتایی بەو کارانە هێنا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجام دەدرا”.
پەکەکە بەم سوێندە کۆتایی بە کارەکانى هێنا:
“لەسەر بناغەی تەوەری ئاپۆیی، وەک سۆسیالیستێکی کۆمەڵگەی دیموکراتی بژیم، لەبەرامبەر شارستانی پیاوی زاڵ و سیستەمی دەوڵەتگەرێتی تێبکۆشم، سیستەمی کۆمینی دیموکراتیانە کە پشتووە بە ئازادیی ژن پەیڕەو بکەم، لە هەموو هەلومەرجێکدا بۆ ئازادی گەلی کورد، تێکۆشان گەورە بکەم، پێشەنگی لە بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیدا بکەم، داکۆکی لە سۆسیالیزمی دیموکراتی و ژیانی ئازاد بکەم، هەموو ئەو بەهایانە زیندوو بهێڵمەوە کە پەکەکە بونیادیناوە، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی دیموکراتیک تێبکۆشم، لەسەر ئەو بنەمایە، سەرەتا بۆ ڕێبەر ئاپۆ، هەموو شەهیدانی کوردستان، گەلانی مرۆڤایەتی، بە شەرەف و ئابڕووی خۆم سوێند دەخۆم، سوێند دەخۆم، سوێند دەخۆم”.