بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پلانێکی گشتگیر دانراوە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا و ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی ئاستی ستانداردى تێپەڕاندووە.
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکایەتیی شارەوانی و لەسەر بودجەی خۆی، پڕۆژەی دروستکردنی دوو باخچەی نوێ لە سنووری گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد لە جێبەجێکردندان.
وتیشی، ڕووبەری هەردوو باخچەکە هەشت هەزار مەتر دووجایە، نزیکەی هەشت هەزار نەمامی گەورە و مامناوەند و گوڵی جۆراوجۆریان تێدا ڕووێندراوە، چیمەن و شوێنی یاریکردنی منداڵانیان تێدایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، تەواوی کارەکانیان کۆتاییدێت و دەخرێنە خزمەتی گشتییەوە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 522 باخچە، حەوت پارکی گەورە و 84 بلواری سەوزکراو هەن و کۆی گشتیی ڕێژەی سەوزاییش، گەیشتووەتە سەرووی 23%، بە وتەی بەهرۆز سالار، “ئەوەش زیاترە لە ڕێژەی ستاندارد”.