وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان: لە هەوڵداین سەرجەم ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکانی سنوورەکە تۆماربکەین

وته‌بێژی هاتوچۆی گه‌رمیان ڕایدەگەیەنێت، لە هەوڵداین سەرجەم ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکانی سنوورەکەمان تۆماربکەین و لە ئێستا کار لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە دەکەین.

عەقید سامان عه‌لی، وته‌بێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گه‌رمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و کێشەی ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکان خرایە بەرباس و ڕەزامەندیی درا بە تۆمارکردنیان، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاتوچۆی سلێمانی سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگە و شێوازی تۆمارکردنیانین، تەنیا لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە ئەو سیستمەی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل تۆماردەکات پەیوەست بکرێت بە سیستمی هاتوچۆی گەرمیان.

وتیشی، تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم ڕێکار و ڕێنماییەکانی لەو بارەیەوە بۆ نەناردووین، بەڵام ئەوەی ئاماژەی پێکراوە ئەوەیە سەرجەم جۆرە جیاوازەکانی ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا تۆماردەکرێن، کە بەبێ هیچ تابلۆ و ژمارەیەک دەسوڕێنەوە.

باسی لەوەشکرد، تێچووی تۆمارکردنەکە زۆر نییە، ئەو بڕە پارەیەی وەردەگیرێت لەبەرامبەر تابلۆ و ژینگەدایە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share