ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشین یەکێکە لە بۆنە تەندروستییە نێودەوڵەتییە گرنگەکان کە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و وڵاتانەوە جیهانەوە یادی دەکرێتەوە.
مرۆڤەکان بەگشتی تەنیا وەک بۆنەیەکی نیشتمانی لەم ڕۆژە ناڕوانن، بەڵکو ساڵانە کەمپینی جۆراوجۆر دەکرێت و تێیدا خێرخوازان وەک کارێکی مرۆیی و بە ئامانجی ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤی دیکە، خوێن دەبەخشن.
مێژوو و هۆکاری دیاریکردنی ئەم ڕۆژە
ڕۆژی 14ـی حوزەیران، وەک ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشین لە سەرانسەری جیهاندا ناسراوە؛ ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی زانای نەمساوی کارل لاندشتاینەر (1868 – 1943). ئەم زانایە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە و بە دۆزەرەوەی کۆمەڵەکانی خوێن دادەنرێت، کە شۆڕشێکی گەورەی لە بواری پزیشکیدا بەرپاکرد و پڕۆسەی گواستنەوەی خوێنی لەنێوان مرۆڤەکاندا کردە سەرکەوتوو و سەلامەت.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2004ـدا، ئەم ڕۆژە دیاریكرا و لە ساڵی 2005، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی تەندروستیی جیهانیدا بە ڕەسمی وەک بۆنەیەکی ساڵانەی جیهانی ناسێندرا.
ئامانج لە ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشیندا
– دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ ئەو کەسانەی کە بەبێ بەرامبەر و خۆبەخشانە خوێن دەبەخشن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەوانی تر.
– ناساندنی گرنگیی بەخشینی خوێنی بەردەوام (نەک تەنیا لە کاتی فریاکەوتندا) بۆ دابینکردنی بڕی پێویست لە بانکەکانی خوێندا.
– ڕاکێشانی سەرنجی گەنجان بۆ ئەوەی ببنە بەخشەری هەمیشەیی و ئەم کارە بکەنە کەلتوورێکی مرۆیی.
– هاندانی حکومەت بۆ باشترکردنی ژێرخانی بانکەکانی خوێن و دابینکردنی ئامێری مۆدێرن بۆ پشکنین و پاراستنی خوێنەکە.
کێ پێویستی بە خوێنە؟
تائێستا زانست نەیتوانیوە بە شێوەی دەستکرد، خوێن دروستبکات، بۆیە تەنیا سەرچاوە مرۆڤ خۆیەتی؛ ئەم جۆرە کەسانەی خوارەوە، ئەوانەن کە پێویستیان بە خوێنە:
– دایکان لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا (ئەگەر تووشی خوێنبەربوونی توند ببن).
– قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، سووتان و جەنگەکان، کە خوێنێکی زۆر لەدەستدەدەن.
– نەخۆشەکانی شێرپەنجە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییدا.
– ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێنەوە دەناڵێنن وەک (تالاسیمیا و ئەنیمیا).
– ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە گەورە و ئاڵۆزەکان (وەک نەشتەرگەریی دڵ و چاندنی ئەندامەکان).
مەرجی خوێنبەخشین چییە؟
– تەمەن/ بەگشتی لە نێوان 18 بۆ 65 ساڵ بێت.
– کێش/ کێشی لە 50 کیلۆگرام کەمتر نەبێت.
– ڕێژەی خوێن/ لە ئاستێکی گونجاودا بێت (بۆ پیاوان و ژنان جیاوازە و پێش بەخشین، پشکنینی بۆ دەکرێت).
– باری تەندروستی/ نابێت نەخۆشییە گواستراوەکانی وەک (ڤایرۆسی جگەر، ئایدز) یان نەخۆشییە درێژخایەنە کۆنترۆڵنەکراوەکانی هەبێت.