ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایدەکات، فالح ساری پێی ڕاگەیاندین کێشە بۆ مووچە دروست نابێت، بەڵام بەو مەرجەجی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغداد بکات.
سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق درەنگ پێکهێندرا، بۆ ئەمساڵ بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، تەنیا لە هەندێک بارودۆخدا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر لیستی مووچە و هەندێک خەرجی تایبەت بە حکومەت دەدات.
وتیشی، ئەمساڵ بودجەی عێراق بەشێوازی یەک لەسەر 12 دەبێت، هەرچەندە ئێستا عێراق خەرجییەکانی زۆرە، دەتوانین بڵێین بە ڕێژەی زیاتر لە یەک لەسەر 20 خەرجدەکات، هەروەها ئاستی کورتهێنان لە بودجەی عێراقدا گەیشتووەتە زیاتر لە %80.
ئەوەشی خستەڕوو، هەفتەی ڕابردوو وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقمان کرد، بە ڕوونی پێی ڕاگەیاندین، کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغداد بکات.
باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی بودجەوە، دۆسیەی سێ یەکەمەکان، گرێبەستەکان و پزیشکانی دانەمەزراو وەک خۆیان دەمێننەوە، دەبێت سەرجەمیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 جێگەیان بکرێتەوە، دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، ئینجا دۆسیەکانیان یەکلادەبێتەوە.