كۆرۆنا بازاڕی دەرمانی لە هەرێم گەرم كردووە

دەرمانخانەكانی سلێمانی لە سەردەمی كۆرۆنادا

لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆرۆنا و باسكردنی وەك مەترسییەكی جیهانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، هاوڵاتییانی جیهان و هەرێمی كوردستانیش لەنێویاندا پاش كۆرۆنا دەیانەوێت بەرگریی جەستەیان بەهێز بكەن بۆ ئەو مەبەستەش پەنا دەبەنە بەر كڕینی چەندین جۆر دەرمان و تەواوكەری خۆراكی.

بەگوێرەی وتەی ئەو كەسانەی لە بازاڕی دەرماندا كاردەكەن یان ئاگاداری ئەو پرۆسەیەن، لە هەرێمی كوردستان خواست لەسەر چەند جۆرێك لە دەرمان دوو هێندەی پێشوو زیادی كردووە.

بازاڕی دەرمان و خواستی خەڵك
هاوڵاتییەك بە ناوی محەمەد سەعید لە یەكێك لە دەرمانخانەكان كە سەرقاڵی كڕینی زینك و ڤیتامینی دی و سی بوو، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “خزم و كەس وتیان ئەوانە بۆ بەرگریی لەش باشن بۆیە منیش دەیانكڕم و بەكاریان دێنین”.

ئەو هاوڵاتییە نەیشاردەوە پێشتر شتی وای نەكڕیووە، مەگەر پزیشكەكان ناچاریان كردبێت، بەڵام ئێستا خۆی پەنا بۆ بەكارهێنانیان دەبات.

لەلایەكی دیكەوە ئاریان عومەر، سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی تەندروستیی قایمقامیەتی سلێمانی تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە قۆناغی یەكەمدا بەر لە توشبوون خەڵك پەنا دەباتە بەر ڤیتامینات و تەواوكەری خۆراكی بۆ خۆپارێزی و زیادكردنی مەناعەی جەستە”.

ئەو بەرپرسەی تەندروستیی قایمقامیەتی سلێمانی كە لە هەمانكاتدا پزیشكیشە باسی لەوەكرد، “هاوڵاتییان جیاواز لە پێشوو كە ئێستا ترسیان بەرامبەر نەخۆشییەكی وەك كۆرۆنا هەیە، پەنا دەبەنە بەر كڕینی ڤیتامینات و تەواوكەری خۆراكی بەجۆرێك خواست لەسەریان زۆر زیادی كردووە”.

“لەسەرەتای كۆرۆنادا نزیكبوو لەوەی قەیران دروستبێت و خەڵكی ئاسان دەستیان نەدەكەوت، بەڵام چەند كۆمپانیایەك ڕێگەپێدانیان لە حكومەت وەرگرت و بەپەلە دەستیان بە هاوردەكردنی ئەو بابەتە پزیشكی و تەندروستییانە كرد”، ئاریان عومەر وای وت.

كارمەندی فرۆشتنی یەكێك لە كۆگاكانی دەرمان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “خواست لەسەر دەرمان بەتایبەت جۆرەكانی ڤیتامین زۆر زیادی كردووە، بۆیە كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی دەرمان ئەتوانم بڵێم دوو هێندەی پێشوو هاوردەی دەكەن و ئێستا بازاڕ پڕبووە لەو ڤیتامینانە”.

“خواست لەسەر ئازارشكێنەكان زۆر بووە”
تەنها ڤیتامینەكان نین كە هاوڵاتییان دەیكڕن و دەیبەنە ماڵەوە، بەڵكو ترس لە ئازاری پەتاكە وای كردووە پەنا ببەنە بەر كڕینی پاراسیتامۆڵ و جۆرەكانی دیكەی ئازار شكێن.

لەنێو ئەو دەرمانانەی كڕیبوونی، محەمەد سەعید جۆرێكی ئازارشكێنیشی كڕیبوو، لەبارەیەوە وتی، “پێویستە لەماڵەوە هەبێت چونكە ئەڵێن ئەو نەخۆشییە ئازاری زۆرە بوونی لەماڵەوە دڵنیاترمان دەكاتەوە”.

هەروەها لای خۆیەوە ئاریان عومەر وتی، لەنێو دەرمانەكاندا ئەوەی خواستی زۆر لەسەر زیادبوبێت و هاوردەكردنی زیادی كردبێت “جۆرەكانی پاراسیتامۆڵ و دەرمانەكانی ئازار شكێنن لەگەڵ ئەو چارەسەرانەی كە پێیان دەوترێت ئەنتی بایۆتیك”.

“كڕینی لەلایەن خەڵكەوە و هاوردەكردنی پاراسیتامۆڵ و جۆرەكانی، بە ڕاستی ئەوەی ئێمە لەبازاڕ ئاگامان لێیە بە ڕێژەی 100% زیادی كردووە”، كارمەندی فرۆشتنی كۆگایەكی دەرمان لە هەولێر وای وت.

“خواست لەسەر دەرمانی نرخ هەرزان زۆر زیارترە”
لەكاتی سەردانیكردنی هەر دەرمانخانەیەك بۆ كڕینی هەرجۆرێكی دەرمان، دەبینیت دەرمانی چەندین كۆمپانیا بە نرخی جیاواز دەخرێنە بەردەست، كۆگاكانی دەرمانیش دەڵێن، خواست لەسەر هەرزانترین دەرمانە.

كارمەندەكەی كۆگای دەرمان لە هەولێر ئەوەی ئاشكراكرد، زۆربەی دەرمانەكانی بازاڕی هەرێم هاوردەن و لەدەرەوە دێن، وتیشی، “خەڵكی لە بارودۆخی ئێستادا تەنها دەرمانی هەرزان دەكڕن، بەس نرخی هەرزان بێت زۆر باش سەرف دەبێت”.

دەرمانی قاچاخ لە سەردەمی كۆرۆنادا
سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی تەندروستیی قایمقامیەتی سلێمانی ئاشكرایكرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا هەوڵی بە قاچاخ هێنانی دەرمان زیادی كرد، ئاماژەی بەوەشكرد، “سەرەتا چونكە بەشێكی ئەو دەرمان و ڤیتامینانە لە بازاڕ بڕا و نەما، كۆمەڵێك كەس بەپەلە بە قاچاخ هێنایان، بەڵام زوو دەستی بەسەردا گیرا و چارەسەر كرا”.

لە هەرێمی كوردستان دوو كۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمان هەن، بەڵام وەك شارەزایانی بوارەكە ئاماژەیان پێكردووە ئەو دوو كۆمپانیایە ناتوانن هێندەی خواستی بازاڕ دەرمان بخەنە بازاڕەوە، بۆیە زۆرینەی دەرمانەكان هاوردە دەكرێن.

سەبارەت بە هەڵگرتن و كۆگاكردنی دەرمان ئاریان عومەر وتی، “ئێمە چاودێریی بەرواری بەسەرچوون و شێوازی هەڵگرتنی دەكەین ئەگەر ئەو دووانە كێشەی نەبوو ئەوا خەڵك دەتوانێت تا بەرواری بەسەرچوونی بەكاری بهێنێت، بەڵام چونكە خواستیان زۆر لەسەرە ناگەنە بەرواری بەسەرچوون و تەواو دەبن”.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. بەهۆی سەرقاڵیی چەند چركەیەك خەریكبوو پاسێكی گەورە ساواكەی بشێلێت

بابەتی دواتر

ئایا ئێران دەتوانێت تا کۆتایی لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیادا بێلایەن بمێنێتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share