ئەگەر زەوی لە سوڕانەوە بوەستێت چی ڕوودەدات؟

ئەگەر زەوی بە شێوەیەکی لەناکاو لە سوڕانەوە بەدەوری خۆیدا بوەستێت، کارەساتێکی گەورە و خێرا ڕوودەدات، چونکە مرۆڤ و هەموو شتەکانی سەر زەوی بەهۆی هێزی بەردەوامیی جووڵەوە بە خێراییەکی سامناک (نزیکەی 1,670 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە هێڵی کەمەرەیی) بەرەو ڕۆژهەڵات بەرزدەبنەوە و فڕێدەدرێن.

بەڵام ئەگەر زەوی بە هێواشی و لەسەرخۆ بوەستێت، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دراماتیکی لەسەر گۆی زەوی ڕوودەدەن کە ژیان تێیدا مەحاڵ دەکەن:

1- درێژبوونی ڕۆژ و شەو (یەک ساڵ دەبێتە یەک ڕۆژ)

کاتی پێویست بۆ یەک خولی تەواوی ڕۆژ و شەو دەبێتە 365 ڕۆژ (واتە یەک ساڵ).

6 مانگ ڕۆژی بەردەوام: نیوەی زەوی ڕووی لە خۆر دەبێت و بۆ ماوەی 6 مانگ لەژێر گەرمییەکی بێبەزەییدا دەبێت کە دەبێتە هۆی وشکەساڵی و سووتانی ڕووەکەکان.

6 مانگ شەوی بەردەوام: نیوەکەی تری زەوی دەکەوێتە ناو تاریکی و سەرمایەکی بەستەڵەکی کوشندەوە.

2- گۆڕانی شوێنی ئۆقیانووسەکان و دروستبوونی دوو کیشوەری نوێ

بەهۆی سوڕانەوەی زەوی،  ئاوەکان لە هێڵی کەمەرەیی کۆدەبنەوە، ئەگەر زەوی بوەستێت، هێزی کێشکردنی زەوی ئاوەکان بەرەو جەمسەرەکان (باکوور و باشوور) ڕادەکێشێت.

ئۆقیانووسەکان کۆدەبنەوە و جەمسەری باکوور و باشوور نوقمی ئاو دەکەن.

لە هێڵی کەمەرەیی، ئاو نامێنێت و پشتێنەیەکی گەورە لە وشکانی و شاخاوی لە ناوەڕاستی زەویدا دروستدەبێت کە دوو دەریای گەورەی جەمسەری لە یەک جیادەکاتەوە.

3-نەمانی بڕبڕەی پارێزەری زەوی (بەرگی موگناتیسی)

سوڕانەوەی ناووکی ئاسنی شلی ناوەوەی زەوی، چەندین شەپۆلی موگناتیسی دروستدەکات کە وەک قەڵغانێک زەوی لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر دەپارێزن، بە وەستانی زەوی، ئەو مەیدانە موگناتیسییە نامێنێت و تیشکی کوشندەی گەردوونی و خۆر ڕاستەوخۆ دەگەنە سەر زەوی و بەرگی هەوا  لەناو دەبەن.

4- با و زریانە هێزدارەکان

بەرگی هەوای زەوی بەهۆی هێزی بەردەوامیی جووڵەوە بۆ ماوەیەک بەردەوامدەبێت لە سوڕانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی با و زریانی زۆر بەهێز کە خێراییەکەیان لە خێرایی تەقینەوەی ئەتۆمی زیاتر دەبێت و هەموو شتێک ڕادەماڵن.

بەکورتی، سوڕانەوەی زەوی تەنیا بۆ دیاریکردنی کات نییە، بەڵکو سیستمی هێزی کێشکردن، کەشوهەوا، و پاراستنی گۆیی زەوی بە تەواوی هاوسەنگ دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share