لوقمان وەردی: دونیایەک تێبینیمان لەسەر کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە

ئەندامێکی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لە هەرێمی کوردستان ڕێڕەوی حکومڕانی لە ڕەگ و ڕیشەوە ڕاستبکەینەوە.

لوقمان وەردی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، ڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاش هەڵبژاردنەکان ڕوون بووە، داوای ڕاستکردنەوەی حکومڕانی دەکەین و پێمان وایە، دەبێت هەردوولامان بەیەکەوە بەرپرسیارێتی حکومڕانی هەرێمی کوردستان هەڵبگرین و لە کۆی جومگەکانی حکومڕانی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەمان هەبێت.

وتیشی، ئەمەش بەرمەبنای ئەوەیە کە ئێمە لە کابینەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دونیایەک تێبینیمان لەسەر شێواز و ئەدای حکومەت، جیاوازی و جیاکاری و پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە هەبووە، ئەمەشمان نەشاردووەتەوە، لە کۆبوونەوە دووقۆڵی و هاوبەشەکان ئەمەمان بە ڕوونی باسکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پێمان وایە ئەوەی لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت یەکانگیر نییە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی کابینەکە کردوومانە، بۆیە پێویستە ڕێڕەوی حکومڕانی لە ڕەگ و ڕیشەوە ڕاستبکەینەوە، چەپڵەش بە دەستێک لێنادرێت و دەبێت لایەنی بەرامبەریش هەمان تێڕوانینی هەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share