كەجەكە: شێروان شێروانی و هاوڕێكانی بارمتەی سیاسین لە دەستی پارتی

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كەجەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “شێروان شێروانی و هاوڕێكانی بارمتەی سیاسین لە دەستی پارتیدا”.

ئاماژەیا بۆ ئەوەش كرد، “لەم رۆژانەدا كە لە ساڵڕۆژی پەیمانی لۆزان نزیكدەبینەوە و داگیركەران لەژێر ناوی رێككەوتنی جیاوازدا دەیانەوێت بەردەوامی بە سیستمی لۆزان بدەن، پێویست دەكات كە گەلی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان و بە تایبەت هێز و لایەنە سیاسییەكانی سەرتاسەری كوردستان هەوڵی زیاتربدەن بۆ زیاتر لێكنزیكبوونەوە یەكگرتنی سیاسی و هەرچی پتەوتركردنی كۆمەڵگای كوردستان. لەم رووەوە بە تایبەت ئەرك دەكەوێتە سەرشانی دەسەڵاتی باشووری كوردستان كە بە رێزگرتن لە ماف و ئازادییە بنچینەییەكان رێگە لە بەردەم گەشەی كۆمەڵگە لە هەموو بوارەكاندا بكاتەوە، بەڵام بەداخەوە دەبینین كە پارتی بە قۆرخكردنی هەموو جۆمگەكانی دەسەڵات و سەپاندنی ویست و سیاسەتی خۆی بەسەر كۆمەڵگەدا كەشێكی مەترسیداری لە گرژی و ئاڵۆزی خولقاندووە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەر دەنگێكی ناڕازیی لە باشووری كوردستانەوە لە دژی سیاسەتی گەندەڵی و دزی و بەكرێگیراوی بەرزببێتەوە پەدەكە هەوڵدەدات كپ و سەركوتی بكات و لەم چوارچێوەیەدا وەك لە نموونەی شەهید سەردەشت عوسمان و شەهید وەدات حسێندا دەبینرێت، سیاسەتی دەسەڵاتی پارتی لەم بوارەدا ئەشكەنجە و كوشتنە، بەڵام كۆمەڵگەی كوردی لە باشووری كوردستاندا كە خاوەنی دەیان ساڵ رەنج و قوربانییدانە لە دژی رژێمی فاشیستی بەعس مل بەم زەخت و گوشارانە نادات و هەموو دەرفەتێك بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ئازادیخوازانەی خۆی بەكاردەهێنێت.

هەر لە راگەیەندراوەكەی كەجەكەدا هاتووە، پارتی كە ئارمەنجەكەی ئەوەیە كە كۆمەڵگەیەكی كۆیلە و گوێڕایەڵی دەسەڵات دروستبكات هەموو ئامرازەكانی دەسەڵات بۆ چەوساندنەوەی ئازادیخوازان و رەخنەگران بەكاردەهێنێت و چەند ساڵە كە پارتی بەدەیان كەسایەتی ئازادیخواز و چالاكوان و رۆژنامەنووسی لە بادینان بە بارمتەگرتووە و بە بەكارهێنانی دەزگاكانی وەكو پۆلیس و ئاسایش و دادوەری هەوڵدەدات كە گەل چاوترسێن بكات و وای لێبكات كە ئیرادەی خۆی رادەستی دەسەڵات بكات.

دەشڵێن، “زەخت و گوشار لەسەر بنەماڵە و هاوژینی ئەدهەم بارزانی هەموو ئاماژەی مەترسیدارن بۆ داهاتووی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكان لە باشووری كوردستاندا و بەتایبەتی، سەپاندنی چوارساڵی دیكە زیندان بە سەر رۆژنامەنووس شێروان شێروانی هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە و نیشانەی ئەوەیە كە ماف و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان لە پاشەكشێكی مەترسیداردایە و پارتی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم بۆ سەپاندنی نادادپەروەریی بەكاردەهێنێت، بڕیاری تاكەلایەنە و تاكەكەسی بە سەر دادگاكاندا دەسەپێنێت و مرۆڤە ئازادیخوازەكان بە تۆمەتی بێبنەما بە بارمتە دەگرێت. شێروان شێروانی و هاوڕێیەكانی بارمتەی سیاسین لە دەستی دەسەڵاتێكی حزبی لە پێناو سەپاندنی سیاسەتی بنەماڵەیی و بەكرێگیراوی بە سەر كۆمەڵگای باشوری كوردستاندا.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رێكخراوی پاڵپشتی كفری: سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیمان كرد و بڕیاری خێرا بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان دران

ڕێكخراوی پاڵپشتی كفری ئاشكرایدەكەن كە سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی…
زیاتر ببینە

یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو لە هەرێم جێبەجێبكرێت مووچەی سەرجەم خانەنشینان زیاددەكات

ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق حكومەتی هەرێم پابەندكراوە بە جێبەجێكردنی یاسای…
Total
0
Share