توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە سەدا 31ـی پیاوانی نەوەی Z، پێیان وایە کە دەبێت ژنەکانیان لە هەموو حاڵەتێکدا گوێڕایەڵیان بن و خۆیان قسەی کۆتایی لە هەموو بابەتەکاندا بکەن.
توێژینەوەکە لەلایەن کۆلێژی کینگ لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە، بەگوێرەی توێژینەوەکە، نەوەی Z (ئەو کەسانەی لە نێوان ساڵانی 1997 و 2012 لەدایکبوون) هاوشێوەی جیلی ‘بەیبی بوومەر’ لەدایکبووانی ساڵانی 1946 بۆ 1964، توندن لە بڕیارەکانیان سەبارەت بە ژیانی هاوسەرگریی و پێیان وایە کە دەبێت خۆیان قسەی کۆتایی لە بابەتەکاندا بکەن و ژنەکانیان گوێڕایەڵیان بن، لە جیلەکانی پێشتریش ئەم ڕێژەیە بۆ %13 و %17 دادەبەزێت.
لە بەرامبەردا ژنانی جیلی Z کەمتر دەتوانن ئەو بیروبۆچوونەی پیاوانی هاوتەمەنیان قبووڵ بکەن کە ڕێژەکەی تەنها %18ـیە، جیلی بەیبی بوومەریش تەنها %6ـە.
هەر بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە ڕاپرسییەکدا کە کۆمپانیای توێژینەوەی ئیپسوس-ی ئەمریکی ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە لە پیاوانی نەوەی Z %24ـیان پێیان وایە ژنان نابێت سەربەخۆ بن یان بژێویی خۆیان هەبێت، لە کاتێکدا کە 12%ی پیاوانی بەتەمەن ئەم بۆچوونەیان هەیە. هاوکات ڕێژەکە لە نێوان ژنان کەمتر بووە لەنێوان %9 بۆ %15 بوو.