وەزیری تەندروستیی عێراق، ڕەخنە لە گردبوونەوە و نوێژی بەكۆمەڵ و كۆبوونەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان دەگرێت و بە هۆكاری زیاتر تەشەنەسەندنی كۆرۆنا ناوزەدیان دەكات.
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات، ڕەخنەی لە گەڕانەوەی پرسەگێڕان و كۆنگرە و كۆڕی تایبەت بە هەڵبژاردن و كردنەوەی گۆڕستانەكان و دەستپێكردنەوەی نوێژی بەكۆمەڵ و دروستبوونی قەرەباڵغی لە بازاڕەكاندا گرت.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە لە بەغداد بەڕێوەچوو، تەمیمی ڕایگەیاند، “ئەگەر هاوڵاتییان پابەندی ڕێنماییەكان نەبن، ئەوا هەموو ئەو دەستكەوتانەی عێراق لە ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادا بەدەستیهێناون، لە ماوەی 30 ڕۆژدا لەناودەچن.”
وەزیری تەندروستیی باس لەوە دەكات كە “بەمدواییانە لەهەر 100 پشكنینێكی تایبەت بە كۆرۆنا لە عێراق، یەك كەس توشبووی كۆرۆنا دەردەچوو، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە ڕێژەكە بەرزبووەتەوە بۆ 2.5% و ئەوەش بەهۆی دەستپێكردنەوەی چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و گردبوونەوە و قەرەباڵغییەوەیە.”