وتەبێژی حەج و و عومرەی هەرێم: سبەینێ لە هەولێرەوە یەکەم کاروانی حاجییان دەچێتە سعودییە

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سبەینێ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە یەکەم کاروانی حاجییان دەچێتە سعودیە، ژمارەیان 294 کەسە، کە دابەشکراون بەسەر دوو دەستەدا، دەستەی ڕۆژ ژمارەیان 147 کەسە و بە ڕۆژ بەڕێدەکەون، دەستەی دووەمیش بە هەمان شێوە 147 کەسن و بە شەو گەشتەکەیان ئەنجامدەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی 11ی ئایاری 2026، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانییەوە، یەکەم کاروانی حاجییانی سلێمانی بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون.

وتیشی، بەداخەوە، هەندێک میدیا سەبارەت بە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ، هەواڵی چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە، کە هەم حاجییان و هەم کەسوکاریان دەترسێنن، ئەو میدیایانە بابەتەکەیان وا بڵاوکردووەتەوە کە حاجییان 10 ڕۆژ یان 11 ڕۆژ دەمێننەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە هیچ حاجییەکی هەرێمی کوردستان لە 25 ڕۆژ کەمتر لە سعودیە نامێننەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو خشتەیەی کە بڵاوکراوەتەوە لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقەوە دانراوە، چونکە سعودیە مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات نەک ئێمە، ئەو میدیایانەی ئەو جۆرە چەواشەکارییانە بڵاودەکەنەوە، ئەگەر سکاڵایان لەسەر تۆماربکەین تووشی لێپێچینەوە دەبن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share