زانکۆیەکی ئەڵمانی چەندین شوێنەواری دێرین لە هەرێمی کوردستان دەدۆزێتەوە

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە زانکۆی کیلی ئەڵمانی لە سۆران سەرقاڵی کنە و پشکنینە بۆ دۆزینەوەی پارچە و شوێنەوارە دێرینەکان، ئێستا تیمی زانکۆکە چەندین پارچەی چاخی ئاسنینیان دۆزیوەتەوە.

وەزارەتی شارەوانیی حکومەتی هەرێم لەوبارەوە ڕایگەیاندووە، ” زانكۆیه‌كی ئه‌ڵمانی پرۆژەیەکی كنه‌ و پشكنینی به‌ ناوی (لە دەشتەوە بۆ ئەشکەوت) لە سۆران بۆ  شوێنەواری ئەشکەوتی ڕەش لە چیای برادۆست جێبه‌جێ كرد و سه‌رئه‌نجام‌ چینەکانی خاكی ئەشکەوتی ڕەش پاشماوه‌ی چاخی ئاسن و سەردەمی ئیسلامی لێ دەرکەوت و له‌لایه‌ن زانكۆكه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ پشكنین”.

تیمی زانكۆی كیلی ئه‌ڵمانی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌واری سۆران‌ پرۆژه‌ی كاری كنه‌ و پشكنینیان له‌ ئه‌شكه‌وتی ڕه‌ش له‌ زنجیره‌ چیاكانی برادۆست به‌ كۆتاهێناوە و سه‌رئه‌نجام چه‌ندین پاشماوه‌ی چاخی ئاسن وه‌ك گلێنه و شوێنی بڕینی بەردی قەدپاڵی ئەشکەوت و چەند ڕیزە دیواری بەردی لێ دۆزرانه‌‌وه‌ و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش كاری كنه‌ و پشكنین له‌ شوێنه‌واری گرده ‌ده‌شت لە دەشتی دیانا ده‌ستپێدەکات.

عه‌بدولوه‌هاب سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ڕایگه‌یاندووە، “لە ساڵی 2013  گرێبه‌ستێكمان له‌گه‌ڵ زانكۆیه‌كی ئه‌مه‌ریكی هه‌بوو بۆ كاری كنه‌ و پشكنین له‌ گرده‌ ده‌شت بۆ ماوەی پێنج ساڵ، به‌ڵام دواتر پاش کۆتایی ھاتنی گرێبەستەکەیان ئەم شوێنە شوێنەوارییەمان رادەستی تیمی زانكۆی كیلی ئه‌ڵمانی کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی “لە دەشتەوە بۆ ئەشکەوت” و پاش كاركردن له‌ شوێنه‌واری ئه‌شكه‌وتی ڕه‌ش لە سێ ساڵی ڕابردوودا توانیمان پاشماوەی چاخی ئاسنی لێ بدۆزینەوە کە لەو سەردەمدا شانشینی ئۆرارتی لە ناوچەکەدا حوکمڕانی کردووە و پێدەچیت ئەم ئەشکەوتە لەلایەن ئۆرارتییەکانەوە وەک خاڵێکی پشکنین و چاودێری بەکارھاتبێت”.

به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ڕاشیگه‌یاند “له‌ ئه‌مجامی پشكنینه‌كانمان لەگەڵ زانكۆی كیلی ئه‌ڵمانی، گومانی ئەوە دەکەین، کە مرۆڤ ئەم ئەشکەوتەی لە چاخەکانی بەردینەوە بەکارھێنابێت، بەڵام له‌ سه‌رده‌می چاخی ئاسندا ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ بە تەواوەتی لەلایەن ئۆرارتییەکانه‌وه‌ پاککراوەتەوە و سەرجەم چینەکانی خاکیان ڕاماڵیوە و خستوویانەتە ناو دۆڵی گه‌لی عەلی بەگ و ‌ دواتر وەکو میحوه‌رێكی ستراتیژی و چاودێری بەکارھێنراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆڵەکە کە بۆ بازرگانی و جموجۆڵی سەربازی لە ناوچەکەدا رێگه‌یەکی سەرەکیی ھاتوچۆ بووە”.

بابەتی پێشتر

بوروسیا مونشنگلادباخ 1-0 دۆرتمۆند

بابەتی دواتر

برێنتفۆرد 3-3 لیڤه‌رپوڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share