پسپۆڕێکی بواری ئاوی ژێرزەوی ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕێژە بارانەی ئەمساڵ باریوە نەگەیشتووەتە ئەو ڕێژەیەی لە ساڵی 2010 باریوە، بۆ چەند ساڵێکی دیکە پێویستە هەمان ڕێژەی ئەمساڵ باران ببارێت تاوەکو ڕێژەی ئاوی ژێرزەوی بگاتەوە پێش ساڵانی 1990.
د. پێشەوا مەحمود، پسپۆڕ لە بواری ئاوی ژێرزەوی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو ڕێژە بارانەی ئەمساڵ باریوە نەگەیشتووەتە ئەو ڕێژەیەی لە ساڵی 2010 باریوە، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەویش هۆکاری زۆرە، یەکەم، کەمی ڕێژەی بارانبارینە، کە ساڵانە بەردەوام بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات، دووەم، وڵاتانی دراوسێ سەرچاوە ئاوییەکانیان گرتووەتەوە و بەنداویان لەسەر زۆرێک لە ڕووبارەکان دروستکردووە، سێیەم، زیاد لە پێویست دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی ، ئەمەش هاوسەنگییەکە تێکدەدات و ڕێژەی ئاوی ژێرزەوی کەمدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێژە بارانەی ساڵانە دەبارێت، %15ی دەچێتە ژێرزەوییەوە، ئەمەش شتێکی سروشتییەوە و پەیوەندیدارە بە چینە بەرزەکانی زەوییەوە، بۆ نموونە، لە سلێمانی شوێنی پاراوبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی دەکەوێتە شاخی ئەزمەر و گۆیژە، بەڵام لەناو سەنتەری شاری سلێمانی شوێنەکانی پاراوبوونەوە زۆر کەمن، ڕەنگە ڕێژەکە %1یش نەبێت، چونکە فراوانبوونی شار وایکردووە ئاو دانەچۆڕێتە ژێرزەوییەوە.
ڕوونیشیکردەوە، چەند ساڵێکی دیکە بارانبارینی لەمشێوەیەمان پێویستە، تاوەکو ڕێژەی ئاوی ژێرزەوی بگاتەوە ئاستی ساڵانی 1990.