بەڕێوبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی: دەرگامان لەبەردەم زانیاری و ڕەخنەدا كراوە دەبێت

مەراسیمی دەستبەكاربوونی بەڕێوبەری گشتیی نوێی ئاسایشی سلێمانی

بەڕێوبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی لە پەیامێكدا ڕایدەگەیەنێت، هەمیشە دەرگامان کراوە دەبێت لە بەردەم هەر کەس و لایەنێکدا کە بیانەوێت زانیاریمان پێبدەن، ڕەخنەمان لێبگرن و دەشڵێت، لەگەڵ نوسەران و میدیاکاران ئاڕاستەى پێکەوە کارکردن دەگرینەبەر.

هیوا ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی نوێی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات لە پەیامێكدا پاش دەستبەكاربوونی لەو پۆستە ڕایگەیاند، بەڵێن دەدەین پاڵپشت بە یاسا و هاوڵاتییانمان لە خزمەت سەقامگیریى و ئاسایشدا بین و ڕێگەنەدەین هیچ کەس و گروپێک، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستدرێژى بکاتەسەر ئارامیى سەر و ماڵ و ژیانى خەڵک.

دەشڵێت، “هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین دامەزراوەی ئاسایشی سلێمانی وەک ھەمیشە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت و ببینە گیانى پێکەوە ژیان و هاوکارى یەکترى. چاودێرىکردنى هەمووان وەکو یەک و نەکردنەوەى درز و کەلەبەر بۆ خۆدەربازکردن و گەندەڵى، نەک هەر بەشێک دەبێت لە هەوڵەکانمان، بەڵکو کار بۆ سڕینەوەشیان دەکەین”.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هیوا ئەحمەد ئاماژەشدەدات، هەمیشە دەرگامان کراوە دەبێت لە بەردەم هەر کەس و لایەنێکدا کە بیانەوێت زانیاریمان پێبدەن، ڕەخنەمان لێبگرن و بە بۆچوونە ئەرێنییەکانیشیان ئاڕاستەمان بکەن، بەتایبەت لەگەڵ نوسەران و میدیاکاران و رۆژنامەنوسان ئاڕاستەیەکى پێکەوە کارکردن دەگرینەبەر کە لە خزمەت ئاشتەوایى و پاراستنى گیانى ئەو وێنایەدا بێت کە ئامانج لێى گواستنەوەى ڕاستى و زانیارییەکان بێت وەک ئەوەى کە هەیە.

ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوبەری گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئەنجامدرا و تیایدا هیوا ئەحمەد، بەڕێوبەری پێشووی ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەجێی وەستا حەسەن، دەستبەكاربوو.

وەستا حەسەن، نزیكەی 12 ساڵ وەك بەڕێوبەری گشتیی ئاسایشی سلێمانی كاری كردووە و، بەپێی زانیارییەكان لە هەمان پۆستی خۆیدا خانەنشین دەبێت.

بابەتی پێشتر

ئالابا.. ئەو بۆندەی پێنج کەلێنی پێکهاتەی زێدان پڕدەکاتەوە

بابەتی دواتر

هیومان ڕایتس وۆچ: تورکیا دەیان هاوڵاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاندووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share