ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ لە کات و شوێنی جیاوازدا تا کاتەکانی ئێوارە، ئەگەری تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبروسکە دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەریی ناجێگیریی کەشوهەوا کۆتاییدێت.
وتیشی، لە ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممەوە، کاریگەریی ناجێگریی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکانمان کۆتاییدێت، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو شەپۆل و دۆخە ناجێگیرانە بەردەوامییان هەبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، لە سبەی سێشەممەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆیەک و کەشوهەوا جێگیردەبێتەوە، هەروەها پلەی گەرمی سێ بۆ چوار پلە بەرزدەبێتەوە، بەتایبەت بۆ ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، بەتایبەت ڕۆژی هەینی کە پلەی گەرمی بۆ سەروو 30 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی شەممەوە، پێشبیندەکرێت جارێکی دیکە نزمەپاڵەپەستۆکان لە دەریای ناوەڕاستەوە و دەریای سوورەوە چالاکببنەوە، کەشوهەوای ناجێگیر دروستدەبێتەوە و هەورەبروسکە، تاوەباران و تەرزەی بەخوڕ دەستپێدەکاتەوە.