هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان و کورد لە ئاگری جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەلایەن میدیاکانی جیهانەوە گرنگییەکی تەواوی پێدەدرێت.
لەکاتێکدا ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە قۆناغی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە ژێرخانەکان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەیەکی دیپلۆماسیی چڕی دەستپێکردووە و ئامانجی سەرەکیی جووڵەکانی، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردنە لەوەی کورد ببێتە بەشێک لە جەنگەکە، یان بکرێتە قوربانی.
شەوی ڕابردوو، جۆو کێنت، بەڕێوەبەری دەستلەکارکێشاوەی ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە پۆدکاستێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵ8، باسی لە هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و وتی، سیاسەتی ئێستای یەکێتی و سەرۆکەکەی، تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ هاوسەنگیی هێز.
کێنت جەختیکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی دەزانێت هەر جۆرە تێوەگلانێکی ڕاستەوخۆی هەرێمی کوردستان لە دژی دراوسێکان یان بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ هێرشکردن، ئەنجامەکەی وێرانکاری دەبێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا تیشکی خستووەتە سەر هەماهەنگیی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی؛ ڕاپۆرتەکە باس لەوەدەکات، قوباد تاڵەبانی، لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆنسوڵخانەکان، کار لەسەر ئەوە دەکات، وڵاتانی نێودەوڵەتی دڵنیابکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، ناوەندێکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان و دیپلۆماسییەت.
ڕۆژنامەکە دەڵێت، بافڵ جەلال تاڵەبانییش وەک سەرۆکی حزب، ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی تاران و بەغداد کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی هێڵی سوور بۆ هەمووان دیاریبکات و بڵێت، “خاکی هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەک”.
پێش ئەم ڕاپۆرتەش و لە سەرەتای جەنگەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی و نزیک لە دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدا و ئاماژەی بەوەکرد، کورد نایەوێت ببێتە لایەن لە شەڕێکدا، کە پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیەوە نییە.
جەختیشیکردەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ بەرژەوەندیی گەلی کورد بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر هێرشێکی مووشەکی یان درۆنی بکات بۆ سەر ناوچەکە.
شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، کۆی ئەم جووڵانە، نیشانیدەدەن کە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەیەوێت “چەترێکی پارێزەر” بەسەر هەرێمی کوردستاندا دروستبکات؛ ئەو لایەنی ئەمریکی و ئێرانییشی دڵنیاکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک بەشێک نییە لەم ئاڵۆزییانە و ئەرکی هەمووانە بەبێ جیاوازیی، پارێزگاریی لە خاکەکەی بکەن.
شرۆڤەکاران دەشڵێن، ئەم سیاسەتە، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2026ـدا، کە جیهان لە لێواری جەنگێکی گەورەدایە، کوردستان بە سەلامەتی بمێنێتەوە و دووربێت لەو “دۆزەخەی”، کە سیاسییەکانی وەک ترەمپ هەڕەشەی لێ دەکەن.