واشنتن وەڵامی پێشنیازەكەی ئێرانی دایەوە لەبارەی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەرپرسێكی باڵا دەڵێت، ئەمریكا ناچێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئێران.
شەوی دووشەممە 1ی شوبات، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، “پێویستە ئەمریكا و ئێران پێكەوە و لەیەك كاتدا هەنگاوبنێن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران”.
لە وەڵامی ئەو داوایەدا، نید برایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، “هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ ئێرانییەكان ناكەین”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “چەند هەنگاوێكی زۆر هەن لەو بوارە بنرێن، پێش ئەوەی ئەمریكا بكەوێتە دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئێران، هەروەها ئێمە ئامادەی قبوڵكردنی هەر پێشنیازێكین”.
بەرپرسێكی باڵای دیكەی ئەمریكی بێ ئەوەی ناوی ئاشكراكرابێت ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، “وتەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وا تەماشا ناكرێت كە بیرۆكەكەی زەریفی ڕەت كردبێتەوە”.
ئاشكراشیكردووە، “هیچ ڕەتكردنەوەیەك نییە، هیچ گفتوگۆیەكیشمان لەگەڵ ئێران دەست پێنەكردووە، چونكە كاری لەپێشینەمان ڕاوێژكردنە بەتایبەت لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی نێو ڕێككەوتنی ئەتۆمی”.