ڕۆژنامەنووس سەباح ئەترۆشی، لە دهۆک دەستگیرکرا.
دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووس، سەباح ئەترۆشی، داوای لە هاوڵاتییان کردبوو گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی گرانیی نرخی کارەبا و “پڕۆژەی ڕووناکی” ئەنجامبدەن، بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، هێزەکانی ئاسایشی دهۆک، ئەو ڕۆژنامەنووسەیان لە ناو ماڵەکەیدا دەستگیرکرد.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی ئاسایش بەبێ هەبوونی هیچ “فەرمانێکی دادوەر” و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە.
لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا، خێزان و منداڵەکانی سەباح ئەترۆشی هەوڵیانداوە لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە دیمەنی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان تۆماربکەن. بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە زۆر مۆبایلەکانیان لێ وەرگرتوون و تەواوی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەیان سڕیوەتەوە کە کاتی دەستگیرکردنەکەی تێدا بووە و بە خێزانەکەیان وتووە،”کاک سەباح لای ئێمەیە و تەنیا چایەک دەخواتەوە، بابەتەکە مەکەنە هەرا و مەیگەیەننە میدیاکان”.