سەرچاوەیەک لە بەغداد ڕایگەیاند، ناردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، هەروەها دەشڵێت، وەزیری دارایی عێراق داوای ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ خەرجکردنی مووچە.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە بەهۆی زۆریی پشووەکانی مانگی سێ، جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و دۆخی ناوچەکە، داهاتی ناوخۆ کەمیکردووە، هەروەها داوای لە بەغداد کردووە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کەمبکرێتەوە بۆ نیوە.
ئەو سەرچاوەیە کە قسەی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە، ئاماژەی بەوەشداوە، وەزیری دارایی بۆ ناردنی مووچەی پێویستی بە ڕەزامەندیی محەمەد شیاع سودانی و ئەنجومەنی وەزیران هەیە و لە ئەگەری پێدانی ڕەزامەندی، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت.
هەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەر ڕەزامەندیی لەسەر پرسی کەمکردنەوە یاخود لابردنی 120 ملیار وەک مەرجی ناردنی مووچە نەدرێت، ئەوا ناردنی مووچە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق یەکلاییدەکرێتەوە.