لەوەتەی گەرووی هورمز بە ڕووی بەشێک لە وڵاتاندا داخراوە، بەشێک لە کۆمپانیاکانی گەیاندن ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.
پێشەوا ئەحمەد، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەیاندن لە وڵاتانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەئێستادا، ئەگەر بمانەوێت هەر کاڵایەک بگەیەنینە عێراق، ناچارین لە تورکیاوە بە ڕێگەی وشکانی بیگەیەنین، ئەمەش ناچارمان دەکات نرخەکەی بەرزبکەینەوە، چونکە باجێکی زۆر دەچێتە سەری.
وتیشی، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و کایەی ئاسمانی لە وڵاتانی ناوچەکە، ناچارین کاڵاکانمان بە چەند وڵاتێکدا بگەیەنینە عێراق، ئەمەش وادەکات باجێکی زۆر بچێتە سەری و نرخەکەی بەرزببێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر گەرووی هورمز بە ڕووی وڵاتی ئیماڕاتدا بکرێتەوە، بەشێکی زۆری ئەم مەترسییە کەمدەبێتەوە، چونکە زۆرینەی کاڵاکانمان لە ڕێگەی دوبەیەوە هاوردە دەکەین.