فڕۆکەکان وەستان و بارانبارین دەستیپێکرد، خاکی تینوو و وشکی ناوچەکە بە ئاوی باران ژیانەوە. ئایا بەڕاستی فڕۆکەکان هۆکاری ووشکەساڵی و کەمبارانی بوون؟
ڕاپۆرتەکانی هەواڵ و قسە و باسی خەڵکی باس لە بوونی حاڵەتێک دەکەن بەناوی ”کێمیتڕڵ – Chemtrail”، ئەم حاڵەتە بیرکردنەوەیەکی ناباو و نازانستییە کە باس لەوە دەکات کە دەردانی گازەکانی فڕۆکە کاریگەریی لەسەر هەورەکان دروست دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بارانبارین.
هەرچەندە بەگوێرەی زانستیی کەشناسی، باران لەئەنجامی پەستانی هەوای شێدار و چڕبوونەوەی هەڵمی ئاو لە بەرگەهەوادا دروست دەبێت، ئەمەش کاتێک هەڵمی ئاو لەناو هەورەکاندا سارد دەبێتەوە، دەبێت بە تنۆکی ئاوی شل و بەهۆی بارستەکەی و هێزی کێشکردنی زەوییەوە، دەکەوێتە سەر زەوی و هیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە کە فڕۆکەکان ڕێگر بن لە بارینی باران، بەڵام بیروبۆچوونێکی نازانستی و باو هەیە لەناو خەڵکدا کە باس لەوەدەکات، ئەو گازانەی لە ئەگزۆزی فڕۆکەکان دەردەچن، دەبنە هۆی ڕێگریکردنی لە کۆبوونەوە و چڕبوونەوەی هەورەکان و بارانبارین،
بیروبۆچوونێکی دیکە لەناو خەڵکدا، دیاردەی دزینی هەورەکان بوون، کە باس لەوە دەکرا هەندێک وڵاتی ناوچەکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە گازە، هەورەکان بۆ ئاسمانی وڵاتەکەی خۆی پەلکێش دەکات.
لە ئێستادا و بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، تێبینی ئەوە دەکرێت کە بڕی بارانبارین لە سەرتاسەری ناوچەکە زیادبووە و لە هەرێمی کوردستانیش بەڕوونی هەستیپێدەکرێت. جا ئەمە کاریگەریی وەستانی گەشتی فڕۆکەکان بێت، یاخود تیۆریی دزینی هەورەکان، ڕاستییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە وەستانی بزوێنەری فڕۆکەکان، ڕێگەی بۆ هەورەکان کردەوە.
جگە لەوەش، پاڵپشتیکارانی ئەم بیرۆکە باوانەی ناو خەڵک، نموونەی ساڵی 2019 و ساڵانی دواتر بوون دەهێننەوە کە تێیدا لەو ساڵەدا بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستانی بەشێکی زۆری چالاکییەکانی مرۆڤ، لە نێویاندا گەشتە ئاسمانییەکان، بارانی باش لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بەگشتی باری.