لویس ساکۆ: دەستم لە پۆستی پاتریارکی کڵێسای کلدان کێشایەوە

کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، پاتریاری کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت و لە نامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا، پاپای ڤاتیکان دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵکردووە. دەشڵێت، هەموو سەروەتەکەی 40 ملیۆن دینارە کە لەماوەی 52 ساڵی قەشەییدا کۆیکردووەتەوە.

لویس ساکۆ لە نامەکەیدا نووسیویەتی: دوو ساڵ لەمەوبەر کە بووم بە 75 ساڵ، بیرم لە دەستلەکارکێشانەوە کردەوە، لەگەڵ پاپا فرانسیسی کۆچکردوو باسی ئەوەم کردبوو، بەڵام ئەو هانی دام بۆ ئەوەی بمێنمەوە، دوێنێ بەیانیی 9ی ئازاری 2026، بە ئازادی بڕیارمدا دەستلەکارکێشانەوەکەم پێشکەش بە پاپا لیۆ چواردەهەم بکەم، بۆ ئەوەی بتوانم خۆم تەرخان بکەم بۆ نوێژ و نووسین و خزمەت، ئەویش داواکەمی قبووڵ کرد.”

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی سوپاسی خودا دەکات ”بۆ ئەو نیعمەتەی” پێی بەخشێووە، لە هەمانکاتدا سوپاسی خێزانەکەی، قەشەکانی هاوکاری و ئەو کەسانە دەکات کە لە کەرکوک، موسڵ و بەغداد لەگەڵیان ژیاوە، هەروەها دەشڵێت، “لە دڵەوە داوای لێبوردن لە هەر کەسێک دەکەم کە ڕەنگە توڕەم کردبێت.”

لە کۆتاییدا لویس ساکۆ نووسیویەتی: ئەو کاتەی قەشە بووم وەسیەتنامەیەکم نووسیوە و چەند جارێک نوێمکردووەتەوە، نزیکەی چل ملیۆن دیناری عێراقی و پێنج هەزار دۆلار و پێنج هەزار یۆرۆم لە مووچەکانم هەیە لە ماوەی 52 ساڵ خزمەتکردنی قەشەیی، ئەمە جگە لە بڕە پارەیەکی کە لە فرۆشتنی خانووی خێزانەکەم لە مووسڵ. هیچ خانوو و ئۆتۆمبێلێکم نییە، بەڵام سەروەرتی ڕاستەقینەی من خزمەتکردن و ئەو 45 کتێبەیە کە بڵاومکردووەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share