کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە چەند ناوچەیەک بەفردەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت تاوەکو کاتەکانی ئێوارە، لە شەودا کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاواز سەرەتا لەسەر بەشەکانی باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو نمەبارانی لەسەرخۆ دەستپێدەکات لەسەر ئەو ناوچانە، لەکاتەکانی درەنگی شەودا لەسەر سەرجەمی ناوچەسنوورییەکانی پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ و سنووری ئیدارەی سۆران بەفربارینێکی کەم دەبێت .
دەشڵێت، پلەی گەرمی کەمێک بەرزدەبێتەوە بەراورد بە پلەکانی دوێنێ لە شەو درەنگدا کەمێک نزمدەبێتەوە .
ئاماژە بەوەشدەکات، سبەینێ پێنجشەممە ئاسمان بە گشتی نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، هەندێک کات ئەگەری نمەبارانی کەم هەیە لەسەر ناوچەی جیاجیای سەرجەم پارێزگاکان هەندێک کات بارانبارین دەگۆڕێت بۆ گەواڵە بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە نیمچە شاخاوییەکان، لە کاتی دابارین ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی ئیدارەی راپەڕین و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی بەفربارین دەبێت.
ئەوەش دەڵێت، کاریگەریی ئەم ناسەقامگیریەی هەیە بۆ سبەی پێنجشەممە زیاتر لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و بەشێک لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کەشناسی، لەسەر ناوچە شاخاوییەکان، قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری تەزرە بارین هەیە، لە ئەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان لە ئاستی 1800 مەتر بەرزترە لە ئاستی رووی دەریا ئەگەری بەفرێکی کەم هەیە .