مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە بیەوێت ناسنامەی مێژوویی و یەکە کارگێڕییەکانی خانەقین بشێوێنێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری جیاکردنەوەی ناحیەکانی (قەرەتەپە و جەلەولا) لە قەزای خانەقین، بڕیارێکی سیاسیی نادەستوورییە و تەواو پێچەوانەی ماددەی 140 و بنەماکانی پێکەوەژیانە.
مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی دەشڵێت، “خانەقین بۆ یەکێتی هێڵی سوورە؛ رێگە نادەین بە ناوی چاکسازیی ئیدارییەوە، پیلانی دابڕین و لاوازکردنی پێگەی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان جێبەجێ بکرێت.”
هاوکات پاڵپشتیی خۆی بۆ خەڵکی خانەقین دووپاتکردەوە و رایگەیاند، “ئێمە لەگەڵ دەنگی رەوای خەڵکەکەمانین و پشتگیریی تەواوی گەنجان و چالاکوانانی سنوورەکە و هەر هەڵوێستێکی مەدەنی و ناڕەزایەتییەکی جەماوەری دەکەین بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم بڕیارە نادەستوری و دوور لەیاساییانە.”
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین داواش دەکات دەستبەجێ ئەم هەنگاوە رابگیرێت، چونکە “یاریکردن بە سنووری ئیداریی خانەقین، یاریکردنە بە سەقامگیریی ناوچەکە.”