پارێزگاری كەركوك: كوردستان بووەتە سەرچاوەی هێنانی مادەی هۆشبەر

پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك ڕایدەگەیەنێت، زۆرینەی كارەكانی بازرگانی و گواستنەوەی هۆشبەر لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە ڕوو لە كەركوك و شارەكانی دیكەی عێراق دەكات و بەرپرسێكی هەرێمیش ڕەتیدەكاتەوە.

ڕاكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت وتی، “زۆرینەی كردەكانی دزی و بازرگانی و گواستنەوەی هۆشبەر كە ڕوو كەركوك دەكات و دەگوازرێتەوە بۆ شارەكانی دیكەی عێراق لەڕێی دەروازەكانی باكوورەوەیە” وەك ئاماژەیەك بۆ دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی لەسەر زاری جبوری ئەوەشی وت، “زۆرینەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر كە دەستگیركراون خەڵكی كەركوك نین”.

بەپێی ڕۆژنامەكە نەبوونی هەماهەنگی و ڕێوشوێن بۆ ڕیشەكێشكردنی هۆشبەر لەنێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەكاندا بووەتە هۆی یەكتر تۆمەتباركردن لەنێوان هەولێر و بەرپرسانی كەركوك دەربارەی بازرگانی و تێپەڕاندنی مادەكە.

دەستگیركراوێك بە بڕێك ماددەی هۆشبەرەوە

لەو چوارچێوەیەدا سەرەتای ئەمساڵ مازن قوڕەیشی، بەڕێوبەری فەرمانگەی ڕیشەكێشكردنی هۆشبەر سەر بە وەزارەتی ناوخۆ نیازی كردنەوەی دەروازەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشاندا بۆ ئاشكراكردنی ڕێگای دزەپێكردنی هۆشبەر و دەستگیركردنی بازرگانانی مادەكە.

دوپاتیشیكردەوە، كە بازرگانان لەڕێی سوریا و ئێرانەوە دێنە ناو كوردستان.

لە بەرامبەردا لیوا كەیوان میرزا، بەڕێوبەری گشتی ڕیشەكێشكردنی هۆشبەر لە هەرێم ڕەتیكردەوە هەرێم “دەروازەی”ی ماددە هۆشبەرەكان بێت و دوپاتیكردەوە، “ناكرێت هەولێر ببێتە ڕێڕەوی گواستنەوەی مادە زیانبەخشەكان بۆ پارێزگاكانی دیكە”.

لیوا كەیوان لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەكە لێدوانەكەی پارێزگاری كەركوك بە “ئامانجداری سیاسی” ناوبرد، بەهۆی ئەوەی مافی لێدوانی لەو بارەیەوە نییە، لەكاتێكدا بەڕێوبەرایەتی ڕیشەكێشكردنی هۆشبەر لە بەغداد و پارێزگاكانی دیكە تایبەتمەندی بوارەكەن.

ڕونیشیكردەوە، كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوبەری گشتیی ڕیشەكێكردنی هۆشبەر لە بەغداد كردووە و بەمنزیكانەش كۆبوونەوەی دیكەیان دەبێت بەمەبەستی زیادكردنی هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لەسەر دۆسیەكە.

(كریستاڵ) و بەدوای ئەویشدا (حەشیش) زۆرترینی ئەو مادە هۆشبەرانە كە دەهێنرێنە عێراقەوە و زۆرینەشیان لە ئێرانەوە دەگوازرێنەوە، پاش چاندنیان لە ئەفغانستان.

بەپێی ئاماری هێزە ئەمنییەكانی عێراق تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار كەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی هۆشبەرەوە دەستگیركراون.

بابەتی پێشتر

ئیسکۆ سێ ڕۆژی لەبەردەمدا ماوە و دەرگای بە کراوەیی جێهێشتووە

بابەتی دواتر

نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات 27 هەزار منداڵی پەنابەر لە سوریا وەربگرن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

 لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ هەرزانکردنی کرێی گواستنەوە بەنزین دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکانی هێڵی گواستنەوە

  قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە ڕایگەیاند بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی کرێی گواستنەوەی هاوڵاتییان بڕێک بەنزین دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکانی…
Total
0
Share