ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایکە

رێکخراوی یونسکۆ، رۆژی 21ـی شوباتی بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک ناساندووە، لەو رۆژەدا گەلانی جیهان بە مەراسیم و بۆنەی جیاواز، یادی زمانی تایبەتی خۆیان دەکەنەوە.

لە جیهاندا زیاتر لە 6 هەزار زمان هەن، بەشێکی ئەو زمانانە بەهۆی ئەوەی هیچ پیتێکیان نییە و تەنها لە ئاخاوتنی رۆژانەدا بەکاردێن، هەروەها بەهۆی جیهانگیری و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

بۆ نەتەوەی کورد زمان تەنها ئامرازێکی ئاخاوتن نییە، بەڵکو شوناس و سەنگەری بەرگریی زۆرێک لە قۆناغەکانی مێژووی کورد بووە.

چیرۆکی دیاریکردنی رۆژی جیهانیی زمانی دایک

پاش جیابوونەوەی پاکستان لە وڵاتی هیندستان لە ساڵی 1946، ئەوکات بەنگلادیش وەک رۆژهەڵاتی پاکستان ناسێندرابوو، خەڵکی ئەم ناوچەیە بە زمانی بەنگالی قسەیاندەکرد، بەڵام ناچارکرابوون بە زمانی ئۆردوو قسەبکەن کە زمانی رەسمیی هەردوو بەشی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی پاکستان بوون.

دژی قەدەغەکردنی زمانەکەیان، ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی داکا لە ساڵی 1952 خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و 11 کەس بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی پاکستان کـ.ـوژران، لە ساڵی 1971 بەنگلادیش لە پاکستان جیابووەوە و لە ساڵی 1999 بەنگلادیش داوایکرد 21ـی شوبات بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاریبکرێت.

لە ساڵی 2000 بۆ یەکەم جار یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک لەسەرانسەری جیهان کرایەوە، مەبەست لەم یادە بەرجەستەکردنی مافێکی سەرەتایی گەلانی جیهانە بۆ قسەکردن و بەکارهێنانی زمانی خۆیان و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و کەلتووری گەلانە لەنێوان یەکدی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share