تەرمی ژنێک لە رووباری زێی گەورە دەرهێندرایەوە، پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، بەهۆی تێکچوونی لاشەکەیەوە تاوەکو ئێستا ناسنامەی دیارینەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێکی نەناسراو لەناو رووباری زێی گەورە لەنێوان گوندی هەنجیرۆک و کۆمەڵگەی بەشیریان و لەلایەن تیمی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی خەباتەوە دەرهێندرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی ئاکرێ، تەرمەکە ژنێکە کە جلوبەرگی کوردی لەبەردابووە و بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لەناو ئاودا ماوەتەوە، تاوەکو ئێستا نەتواندراوە بناسرێتەوە.
پۆلیسی ئاکرێ راشیگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە و تەرمەکە رەوانەی بەشی پزیشکی دادی هەولێر کراوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.