بڕیارە تا دوو ڕۆژی داهاتوو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا یەكلا ببێتەوە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردووە، لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا پشكی هەرێم و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە بودجە كۆتاییان دێت.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “تا دوو ڕۆژی داهاتوو پرسەكانی پەیوەست بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق یەكلا دەكرێنەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “هەر لەوماوەیەدا بابەتی گرێبەستەكان و پشكی هەرێمی كوردستان یەكلا دەكرێنەوە، چونكە هەندێك هەنگاوی ئیجابی بۆ ئەو پرسانە نراوە”.

بە وتەی بڕیاردەرەكەی، لیژنەی دارایی گفتوگۆكانی مادەكانی پرۆژەیاساكەی كۆتایی پێهێناوە، كە ئەوەش لەڕێی 37 كۆبوونەوەی و 150 میوانداری بووە.

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدادە

شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا پرسی بودجەی گشتیی عێراق تاووتوێكرا.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات ڕایگەیاندووە، “شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سە‌رۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ محەمەد حە‌لبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە”.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەوە ئەوە خراوەتەڕوو، “هەردوولا پێکەوە تاووتوێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2021یان كرد، لەگەڵ گفتوگۆكردن لەبارەی ڕێڕە‌وی دانوستانەکانی هەولێر و بەغداد”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021، بە شێوەیەک پەسەند بکرێت کە لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدابێت”.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باسی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کراوە، “هەردوولاش جەختیان لە درێژەدان بە دانوستانەکان کردەوە تا ئەو کاتەی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەبن”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵە‌بانی و محەمەد حەلبوسی پرسی بودجەیان تاووتوێکرد

بابەتی دواتر

كەركوك.. بكوژی دوو خوشكەكە دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share