شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایدەکات، ئەو رێژە بەفر و بارانەی ئەمساڵ باریوە، پێشبینیکرانەبووە و ساڵێکی شاز بوو.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “هۆکاری باشی رێژەی دابارین لە ئەمساڵدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو بارستە هەوا ساردانەی لە جەمسەری باکوورەوە دەهاتنە خوارەوە، شێداربوون، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەو بەشەی زەریای ئەتڵەسی کە نزیکە لە دەریای ناوەڕاست، چالاک و گەرم بوو”.
وتیشی، “ئەوەی ئەمساڵ روویدا و بینیمان، پێشبینینەکراو بوو و حاڵەتێکی شاز بوو”.
ئەوەشی خستەڕوو، “بەگوێرەی پێشبینییەکان، رێژەی دابارین لە مانگەکانی شوبات و ئازار زۆرباش دەبن، مانگی نیسان رەنگە وەک مانگی ئازار نەبێت، بەڵام رێژەی دابارین لەو مانگەشدا باشدەبێت، بۆیە ئەمساڵ بەهارێکی زۆر سەوزمان دەبێت”.