ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەستکاریی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمدا، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، راپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو، کە مانگی 11ـی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بەگوێرەی راگەیەندراوی رەسمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشانکرا.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئەم سەرژمێرییە، پێشوەختە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ پەسەندکرا و حکومەتی فیدراڵ پابەنددەکات بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی رێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ، رەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی رەسمیی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە رێکاری بەپەلە هەیە بۆ راستکردنەوەی”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینییەک لەسەر بابەتی سەرژمێریی و لێکەوتەکانی، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکە، دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە، رەتدەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتەبەر بۆ راستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، پابەندبێت بە رێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی رەسمیی راگەیەندراوی سەرژمێرییەکە کە رێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ـە”.
دەقی ماوەی راگەیەندراوەکە:
لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتیی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و رێگەنەدەن دەستکاریی ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە رێژەی رەسمیی راگەیەندراوی خۆی کەمبکرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەندبێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە %14.1ـە، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی.
پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ـی دەستوور و یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2025ـی هەمواری یاسای زیندانیيانی سیاسیی عێراق، لەمبارەیەوە، سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی لە هەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و راگیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە رەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانییان و گیراوانی سیاسی کە بەگوێرەی ماددەی 132ـی دەستوور، ئەرک و بەرپرسیارێتیی دەستووریی حکومەتی فیدراڵییە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانییانی سیاسی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان راسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی روون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە رەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو.