سیستەمی ئەسیکۆدا لە عێراق کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و نرخی بەشێک لە کەلوپەل و پێداویستییەکان بەهۆیەوە بەرزبووەتەوە، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانیش دەڵێت، بەکارخستنی سیستەمەکە کاریگەریی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان نابێت.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تا ئێستا ئەو سیستەمە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە و هەر بە پێناسە گومرگییەکەی خۆی کاردەکات.
لە عێراق نرخی بەشێک لە خۆراکە بنەڕەتییەکان و نرخە خەمڵێندراوەکانیان زیادیکردووە، نەوزاد غەفور ئاماژەی بەوەشكرد، “لە داهاتوودا بێگومان ئەو کەلووپەلانەی کە کە پەیوەندییان بە ئاسایشی خۆراکەوە نییە، گومرگەکەی زۆر زیاتر دەبێت.”
هاوکات ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە دژی زیادکردنی پێناسی گومرگی تۆمارکرابوو، بەمەش پێناسە گومرگییەکان کە بڕیاری زیادکردنیان لێدرابوو، وەک خۆی دمێنێتەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەو کەلووپەل و خۆراکانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێن، بەهۆی بەرزیی نرخی دۆلارەوە کەمێک نرخی شتومەکەکان گرانبوون، بەڵام لەچاو ئەو پێناسە گومرگییەی حکومەتی عێراقی وەردەگرێت، پێناسی گومرگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر کەمترە.