یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق دوادەكەوێت

ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا لەم دوو ڕۆژەدا دوایین كۆبوونەوە لەنێوان شاندی حكومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێت و تیایدا پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق یەكلابكرێتەوە، بەڵام ئەندامێكی لیژنەكە دەڵێت، هێشتا كۆبوونەوەكە ئەنجامنەدراوە و پرسی پشكی هەرێم یەكلانەبووەتەوە.

دوێنێ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران جارێكی دیكە گەیشتەوە بەغداد و، كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان و كەسایەتییەكان دەستپێكرد.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا شاندی حكومەتی هەرێم چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنە سیاسییە كاریگەرەكان دەستپێكردووە بەمەبەستی هاندانیان لەسەر پشتیوانیكردنی دەقی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد كە لەبارەی شایستە داراییەكان و پابەندییەكانی هەرێم لە پرۆژەی بودجەدا جێی كراوەتەوە.

یەكێك لە كۆبوونەوەكانی شاندەكە لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادابوو كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نوسینگەی مالیكی لە بەغداد بەرێوەچوو.

هەر بەپێی زانیارییەكان مەبەست لەو هەنگاوە دروستكردنی كاریگەری لایەنە سیاسییەكانە لەسەر ئەندامانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەكی گشتی و لیژنەی دارایی بەشێوەیەكی تایبەت، بۆ ئەوەی بڕگەی تایبەت بە هەرێم لەلایەن لیژنەكەوە تێبپەڕێنرێت كە ئەمەش پەسەندكردنی لە هۆڵی پەرلەمان ئاسان دەكات.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدادە و ئەجێندای خۆیان هەیە، تائێستا لەگەڵ لیژنەی دارایی كۆنەبوونەتەوە.

وتیشی، “لیژنەی دارایش لەم چەند ڕۆژەدا تاوتوێی پشكی هەرێمی نەكردووە و هیچ هەنگاوێكی نوێ لەو بوارەدا لەئارادانییە”. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، یەكلاكردنەوەی پرسەكە بۆ ڕۆژانی داهاتوو دوادەكەوێت و چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندەكە دەكەن.

پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “سەردانەكەی ئەمجارە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و كوتلە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانە سەبارەت بە چۆنیەتی دیاریكردن و جێگریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە كە بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ببێتە یاسا”.

مە‌بە‌ست لە كۆی سەردانەكانی شاندی حكومەت چە‌سپاندنی ڕێككە‌وتنی مانگی 12ی 2020ی نێوان حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكومە‌تی فیدڕاڵە،‌ لە‌سە‌ر پڕۆژەیاسای بودجە‌ی 2021، كە‌ تیایدا پشكی ھە‌رێم بە 12.67٪‏ دیاریكراوە.

بابەتی پێشتر

وێنە.. کارمەندێکی مین هەڵگرەوە لە شارباژێر مینێکی پێدا تەقییەوە

بابەتی دواتر

ژیانی کۆڵبەری لە نێوان سنورەکاندا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سێ حاڵەتی کۆلێرا لە دهۆک تۆمارکرا

بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، سێ حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراوە و ژمارەیەکی دیکەش گوماندەکرێت تووشبووبن. ئەڤرەسیاب موسا بەڕێوەبەری…
Total
0
Share