قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسینێکی سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە، تەنها ئەوەندە بەسە بیریان بێت سەردەمێک پشتی رژێمی بەعـ.ـسیان گرت لە دژی کورد، کورد ما و بەعـ.ـس بە دنیایەک کارەسات و تاوانەوە رۆیشت”.
دەشڵێت، “بیری هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەخەینەوە کە ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان، هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری کرد و گەلانی سوریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست”.
لە کۆتایشدا نووسیویەتی، “ئێمە شانازی بەو هەستی هاوپەیوەندی و هاوسۆزییەی هەموو کوردەوە دەکەین و ئەمەش تەنها گەرەنتیی بوون و مانمانە، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژئاوا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و ئاڵۆزە و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی”.