دیار عومەر رایدەگەیەنێت، مامۆستایانی ئایینی، سەرکردە گیانباز و کوردپەروەردەکان، پیاوبن، وەرنە پێش بڕیار و فەتواكانتان بخەنە كار وا میللەتی كورد ئەنفال دەکرێت.
دیار عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ پەیامێکی ئاڕاستەی حزب و مامۆستا ئایینییەکانی کوردستان دەکات رایگەیاند، “خۆتان بۆ گەل و خاک یەكلاكەنەوە با ئەوەی ماوە لە رۆژئاوای كوردستان لەدەستی نەدەین، ئەگەر راست دەكەن، ئەمڕۆ رۆژی غیرەت و هیمەتە”.
نووسیویشیەتی، “نزیكەی چوار دەیەیە سەركردەکانی ئەم میللەتە بەش مەینەتە، مێشكی ئەم گەلە چەوساوەیان بردووە، بە باسكردنی كوردایەتی، مەردایەتی، گیانبازی و فیداكاری بۆ خاک و نیشتمان، كە هەر رۆژە و بە جلوبەرگێکی ئوتوكراوی نوێ و ماركەوە لەسەر مینبەرەكان هاتوو و هاوارتان تا كەشكەلانی فەلەک دەڕۆیشت و كوردایەتیتان بەهەموو جیهان دەفرۆشتەوە و بەشی كەستان نەهێشتەوە، لەولاشەوە لەوەتەی هەیە مەلاكان لە مینبەری پێغەمبەرەوە بانگەوازی شـ.ـەهیدبوون لە پێناو خاک و نیشتمان بە بەرگریكردن لە خاک بە جیهاد و گەیشتن بە پلەی شەهیدبوون دەدا بە گوێماندا”.
دەشڵێت، “ئێستا هەمووان بێباک لەوەی گەلی برا لە رۆژئاوا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، قڕدەكرێت و جینۆساید دەكرێت، هەم سەركردە و هەم مەلاكانیش دەنگیان نییە و واقیان وڕماوە بە دیار سڕینەوەی براكانمان لە رۆژئاوا، رۆژ رۆژی غیرەت و مەردایەتییە، كوڕگەل”.
باسی لەوەشکردووە، مامۆستایانی ئایینی، سەركردە گیانباز و كوردپەروەرەكان، پیاو بن و مەردبن مێژوو لە بێباكی كەس شەرم ناكات، وەرنە پێش بڕیار و فەتواكانتان بخەنە كار، وا میللەتی كورد قڕ، ئەنفال و جـ.ـینۆساید دەكرێت، بێدار بن و شتێك بكەن .