سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پاش تەواوبوونی ئاهەنگەکانی هاتنی ساڵی نوێ، شەقامی سالم پاککرایەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ساڵانە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، هاوڵاتییان، بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی سەردانی شاری سلێمانی دەکەن، بەمەبەستی ئاهەنگگێران و دەربڕینی خۆشی، روودەکەنە شەقامی سالم، کە بەهۆی قەرەباڵغییەوە، شەقامەکە خاشاک و پاشماوەی خۆراکی تێدا کۆدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی رابردوو، کۆتا شەوی ساڵی 2025 بوو و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان تا درەنگانی شەو، لەو شەقامە ئاهەنگیان دەگێڕا، هەربۆیە ئەمڕۆ، پاش تەواوبوونی ئاھەنگەکانی ھاتنی ساڵی نوێ، بە سەرپەرشتیی بۆردی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک، لە بەرەبەیانی یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، ھەستان بە پاککردنەوە، گسکدان شۆردنی ئەو شوێنانەی کە ھاوڵاتییان ئاھەنگ و خۆشییان تێدا ئەنجامدابوو و بەتایبەت شەقامی سالم و بەتەواوی و بە پاکوخاوێنی، خرایەوە خزمەت هاوڵاتییان و شۆفێران.