یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال بڵاوكردەوە و دەڵێت، “سەركردایەتیی نوێی یەكێتی وەفاداری ئەو ڕێباز و ڕێگا ئاوەدانەیە كە سەرۆك مام جەلال نەخشەی بۆ كێشاوە.”
بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینیی 2ی ئۆكتۆبەر، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه و ڕایگهیاند، سەرۆك مام جەلال لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بێوچان، خەباتی ھەمەلایەنەی كرد بۆ سەڵماندن و بەدیهێنانی مافە ڕەوا نەتەوەیی و دیموكراسییەكانی گەلی كورد و پیادەكردنی بژاردەی دیموكراسی و دادپەروەری و پێكەوەژیان لە عێراقی فرە پێكهاتەدا. مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پەیامەكەیدا دەڵێت، “سەركردایەتیی نوێی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی نوێبوونەوەوە، وەفاداری ئەو ڕێباز و ڕێگا ئاوەدانەیە كە سەرۆك مام جەلال نەخشەی بۆ كێشاوە.” هەروەك بەڵێن دەدات كە “فەلسەفەی مام جەلال قیبلەنمای خەباتمان بێت.”
دهقی پهیامهكه: پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی سێ ساڵەی کۆچی دوای مام جەلالخوشک و برایانی بەڕێزگەلی تێكۆشەری كوردستانسێ ساڵ لەمەوبەر و لە پاییزێكی وەك ئەمڕۆدا، گەلی كوردستان و سەرجەم عیراقییەكان، پرۆسەی دیموكراسی و ئاشتی و پێكەوەژیان لە وڵاتەکەمان ڕابەرێكی هەڵكەوتوو، تێكۆشەر و پێشمەرگەی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی ڕزگاریخوازی و دیموكراسییان لە دەست دا، عیراقی دیموكرات و فیدراڵیش یەكەمین سەركۆماری هەڵبژێردراوی گەلپەسەندی بەرەو كاروانی جاویدانی و نەمری بەڕێكرد.
لە ڕێكەوتی (3/10/2017) دڵە گەورە و میهرەبانەكەی سەرۆك مام جەلال ڕابەری شۆڕشی نوێ و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە وێستگەی چارەسەری و پشووی جەنگاوەرێكی ماندوونەناس، لە لێدانکەوت و بۆ یەكجاریی ماڵئاوایی لێکردین.كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرانسەر كوردستان بە هەموو بەشەكانی و گەلانی عێراق و بگرە تێكرای ئازادیخواز و دیموكراسیخواز و ئاشتیخوازانی دونیای خەمبار و نیگەران كرد.سەرۆك مام جەلال لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بێوچان، خەباتی ھەمەلایەنەی كرد بۆ سەلماندن و بەدیهێنانی مافە ڕەوا نەتەوەیی و دیموكراسییەكانی گەلی كورد و پیادەكردنی بژاردەی دیموكراسی و دادپەروەری و پێكەوەژیان لە عێراقی فرە پێكهاتەدا.لە شۆڕش و بزوتنەوەی پێشمەرگایەتیدا، مام جەلال نموونەی گەورە و باڵای ڕابەری شۆڕشگێر و وردبین و ورەبەرز و پتەو بوو. ئەزموونی كەڵەكەبووی مام جەلال لەم کایەدا هەر لە قۆناغی سەختی دەستپێكی شۆڕش تا داستان و نەبەردییەكان بۆ دانوستاندنی سیاسی و دیبلۆماسی و دواجاریش بەرەنگاربوونەوەی مەرگەساتەکانی بەسەر گەلەکەمان ھات و گۆڕینی بەرەو ڕێی ھەڵسانەوە و ڕاپەرینی بەهاری (1991) و قۆناغەكانی کوردستانی رزگار، ئەزموونێكە ناوازە و دەگمەن. لە ھەمووشیاندا خاوەن ئاکار و رەوشتی بەرزی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو، مام بوو.لە خەباتی دیپلۆماتیدا، وێنەی مام جەلال لە مێژووی كوردایەتیی ھاوچەرخ و هەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەكەشدا دەگمەنە. پەیوەندییەكانی لە ئاستی میللەتانی رۆژھەڵات و دونیای عەرەبی و ئاسیا و رۆژئاوادا، بنەغای پتەوی ئەو دەستكەوتە دیپلۆماتیانە بوون کە ڕەوایی و ڕەسەنایەتی مەسەلەی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەکردەوە.گەلانی ستەمدیدەی عێراقتێکۆشانی سیاسی و شۆڕشگێریی سەرۆک مام جەلال ھەمیشە لەسەر دینگەی پتەوی دیموکراتیزەکردنی وڵات و مسۆگەرکردنی ویستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بیناکرابوو بۆیە سەرەنجام ھەر ئٔەو نەخشەڕێگا دیموکراتییە فرەییە سەرکەوت کە نەخشە ڕێگای عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵیی بوو. لە دوا وێستگەی ژیانی سیاسییشیدا سەرۆك مام جەلال لە پێگەی پارێزەری دەستوورەوە لە پێناوی نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و پێكهاتەكان و چەسپاندنی سازان و تەبایی لە نێوانیاندا، هەموو هەوڵێكی دا و هەمیشە خاڵی كۆكەرەو و ڕاگرتنی هاوسەنگی بوو، هەر بۆیە بە (سەمام ئەمان)ی عێراق ناوزەد كرا.گەلی کوردستانی سەرتاسەرنەخشە ڕێگەی وڵاتێكی دیموكرات و فیدراڵ كە مافە نەتەوەییەكانی كوردی لە عێراق تێدا مسۆگەر کرا، بووە نموونەی شایان بۆ سەرتاسەری كوردستانی كە ئیلهامبەخشی بەشەكانی تری كوردستانیش بێت لە خەباتی دیموكراسی و ئاشتیخوازی و مافخوازییاندا. بەمەش، لە پاڵ پشتیوانیی لەمێژینەی لە خەباتی سەرتاسەریی گەلەكەمان، ڕەهەندی كوردستانیی بەكرداری سەرۆك مام جەلال چاكترو بەرچاوتر درەوشایەوە.هەڤاڵانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكانی رێبازی ئاوەدانی مام جەلال، تێكۆشەرانی ژنان و لاوان و بیرڕۆشنانی ڕێگای ئازادی بیروڕا و ڕێگای مافی چارەنووس، ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێك زیاتر یەكێتیەكەمان، گەلەكەمان و ڕێبازی دیموكراسی ناوچەكەش، پێویستی بە حیكمەت و ئەزموون و دونیابینیی سەرۆك مام جەلالە، دونیابینییەك كە كەلتورێكی سیاسی و میراتێكی شۆرشگێڕانەی دەوڵەمەندە و هەموو لایەك دەتوانن دەرس و وانەی لێوەربگرن. بەڵام بۆ یەكێتییەكان ماف و ئەركێكی سەنگینی یەكێتییانە، كوردستانییانەو دیموكراتییانەیە كە پێوەی پەیوەست بن و لەسەری بڕۆن و بگرە دەوڵەمەندتریشی بكەن.سەركردایەتیی نوێی یەكێتییش لە دوای كۆنگرەی نوێبوونەوەوە وەفاداری ئەو ڕێباز و ڕێگا ئاوەدانەیە كە سەرۆك مام جەلال نەخشەی بۆ كێشاوە. بۆیە جێی خۆیەتی لەم یادەدا بەڵێنی یەكێتییانە دووپات بكەینەوە كە فەلسەفەی مام جەلال قیبلەنمای خەباتمان بێت.ڕێ و ڕێبازی مام و هەموو شەهیدان و تێكۆشەرانی یەكێتی، هەمیشە ئاوەدان و درێژەی دەبێت تا بەدیهێنانی هەموو ئاوات و ئامانجە نەتەوەیی و دیموكراسیبەكانی گەلی كوردستان.سڵاو لە ڕۆحی پاكی ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان مام جەلالنەمری بۆ هەموو شەهیدانی یەكێتی و گەلی كوردستانمەكتەبی سیاسییەكێتیی نیشتمانیی كوردستان