شارەزایەکی کەشناسی: هەوری سوپەرسێڵ بەڕێوەیە و مەترسی دروستدەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە رۆژی سێشەممەوە تا چوارشەممە، هەوری سوپەرسێڵ لە بەشێکی ناوچەکان دروستدەبێت و مەترسی دروستدەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، سبەی سێشەممە 9ـی 12ـی 2025، تا کاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 10ـی 12ـی 2025، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناو قوڵبوونەوەی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور، کە لەم قۆناغەدا، بارستەهەوایەکی زۆر شێدار لە ناوچەکانی باکووری سعودیەوە دەگاتە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاتنی بارستەهەوایەکی سارد و شێداریش، کە لە دەریای ناوەڕاستەوە دێت و زیاتر لە ئاستە بەرزەکانی بەرگەهەوادا کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی ناسەقامگیرییەکی بەهێز لە کەشی ناوچەکەدا و دروستبوونی هەورەکان لە جۆری کەڵەکەهەوری سوپەرسێڵ بە توندی و هێزی جیاوازەوە لەسەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەم جۆرە هەورانەش، بارستە و قەبارەیەکی گەورەیان هەیە بە بارانی زۆر بەهێز و تەرزەی زۆر و هەندێکجار بە تەرزەی گەورەوە دابارینیان دەبێت، کە لە ماوەیەکی کەمدا مەترسی دروستدەکەن لەسەر ئەو ناوچانەی کە لەسەریان دروستدەبێت یان تێپەڕدەبێت بەسەریاندا بەهۆی زۆریی بڕی دابارینەکانیان، کە دەبێتەهۆی دروستبوونی لافاوی خێرا و بەهێز.

ئەو شارەزایە باس لەوەشدەکات، بۆیە لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری دروستبوونی ئەم جۆرە هەورە دەبێت، هەر شوێنە و لە کاتێکی جیاوازدا، واتا کاتژمێرێکی دیاریکراو پێشبینی ناکرێت کە بڵێین کام شوێن و ناوچە لە کام کاتژمێردا بارودۆخێکی لەو جۆرەی بۆ دروستدەبێت. بۆیە تەنیا دەتوانین بە دیاریکردنی ئەو ماوەیە ئاگادارتان بکەینەوە کە هەرێمی کوردستان لەو مەودایەدا، لە بەهێزترین حاڵەتی ناجێگیریی کەشوهەوادا دەبێت و ناوچەکە لەبەردەم پێشهات و رووداوی سروشتیدا دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share