ئەو شوێنانە دیاریکران کە مەترسیی لافاویان لەسەرە

شارەزایەکی بواری کەشناسی، ناوی ئەو شوێنانە ئاشکرادەکات کە لە شەپۆلی داهاتووی بارانبارین، مەترسیی لافاوی بەهێزیان لەسەرە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە سبەی هەینییەوە 5ـی 12ـی 2025م تاوەکو سێ رۆژی داهاتوو، بەهۆی کاریگەریی سەرەتایی شەپۆلی بارانبارینەکە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەوری بەرز و مامناوەند و لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی گەرم و شێدار لە ناوچەکانی دەریای سوورەوە، پلەی گەرمییش 2 تا 3 پلە بەراورد بە رۆژانی رابردوو، بەرزدەبێتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان هەست بە شێدارییەکی گەرم دەکرێت و لەو سێ رۆژەدا، ئەگەری بارانبارین نابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژی یەکشەممەوە 7ـی 12ـی 2025، بەگشتی کاریگەریی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای سوور و ناوەڕاست لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات و سەرەتاش بارانێکی مامناوەند و پچڕپچڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی دەگرێتەوە و لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی هەرێمدا، بە بارانێکی کەم و پچڕپچڕ کاریگەریی دەبێت، پاشان لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەوە 8ـی 12ـی 2025، کاریگەریی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆکە چالاکتر دەبێت لەسەر ناوچەکانمان و پلەی گەرمی 5 تا 6 پلە نزمدەبێتەوە و بارانبارین بەشێوەیەکی فراوان و بەردەوام بە رێژەی جیاجیا سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە، بە درێژایی کاتەکان، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و چڕیی شەپۆلەکەش، بەردەوامدەبێت لە زیادبوون.

ئەوەشی خستەڕوو، لە درەنگانی شەوی دووشەممەوە تاوەکو نیوەڕۆی سێشەممە 9ـی 12ـی 2025، ئاستی دابارینەکان بەزۆری دەگۆڕێت بۆ لێزمەباران و هەندێکجار هەورەبروسکەش چالاکدەبێت، ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت پاشان کاریگەرییەکانی لە دواینیوەڕۆی سێشەممەوە کەمدەبێتەوە و بارانی پچڕپچڕ و تاوەباران بەردەوامیی دەبێت، قۆناغی دووەمی ئەم شەپۆلە، کە سەرچاوەکەی زیاتر لە دەریای سوورەوە دەبێت، لە رۆژی چوارشەممەوە 10ـی 12ـی 2025، دەستپێدەکاتەوە و جارێکی دیکە بارانێکی بەخوڕ و زۆر چاوەڕوان دەکرێتەوە لە زۆربەی ناوچەکان و کاریگەرییەکانی بە مامناوەندی بۆ رۆژانی 11، 12 و 13ـی مانگیش، بەردەوامیی دەبێت پاشان کۆتایی بە شەپۆلەکە دێت.

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە ماوەی رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینەوە، دروستبوونی لافاو لە زۆربەی شوێنەکان چاوەڕوانکراو دەبێت، بە گوێرەی توندیی لافاوەکە، بەم ئاستانەی خوارەوە دیاری دەکرێن:

1- ناوچەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی سۆران و بەگشتی ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک زۆرترین بارانبارینیان لێ چاوەڕواندەکرێت و مەترسیی دروستبوونی لافاوی بەهێز لەو ناوچانەدا زیاتر دەبێت.

2- ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان کە لە شوێنی جیاجیادا لەم سنوورانەشدا، مەترسیی دروستبوونی لافاوی بەهێز دەبێت.

ئاراس جەبار دەشڵێت، پێویستە ئامادەکارییەکی جددیی بۆ بکرێت و هەموو لایەک ئاگادار و هۆشیاربن کە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا، کاریگەریی ئەو شەپۆلە زۆر چالاک و بەهێز دەبێت تا بەدووربن لە رووداوی نەخوازراو.

رێژەکانی بارانبارین لە ماوەی هەردوو قۆناغی ئەم شەپۆلەدا، بەپێی پێشبینیی ئاراس جەبار:

1- ئیدارەی راپەڕین و سۆران و بەگشتی ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک 200 – 400 ملم.

2- سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەگشتی تەواوی ناوچەکانی هەردوو پارێزگاکە 150 – 250 ملم.

3- سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سەرجەم ناوچەکانیان 80 – 150 ملم.

4- سەنتەری شارەکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی زاخۆ بەگشتی ناوچە نزمەکان75 – 150  ملم.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەم شەپۆلە زۆر بەهێزە و ساڵانێکی زۆرە هەرێمی کوردستان لەم جۆرە شەپۆلانەی بەخۆیەوە نەبینیوە کە بەم شێوەیە و بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامبێت و رێژەکانی دابارین لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share