تەقینەوەی مینێك كە پێدەچێت پاشماوەی چەكدارانی داعش بێت لە گوندێكی سەر بە قەزای دوزخورماتوو دوو قوربانی لێكەوتەوە.
پەیامنێرمان لە گەرمیان ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی كانونی دووەم پێی ڕاگەیاندین، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شوانكارێك لە گوندی عبود لە ڕۆژئاوای قەزای دوزخورماتوو لەكاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتدا مینێكی سەردەمانی داعشی بەرچاو كەوتووە و دەستكاری كردووە.
وتیشی، “بەهۆیەوە مینەكە تەقیوەتەوە و لە ئاكامدا شوانكارەكە كوژراوە و منداڵەكەشی برینداربووە”.
قوربانییەكە لە نەتەوەی عەرەب-ە و كاری شوانی بۆ خاوەن ئاژەڵێكی ناوچەكە كردووە.
دوزخورماتوو قەزایەكی سەر بە پارێزگای كەركوك بووە، تا ئەوكاتەی لەلایەن دەسەڵاتی بەعس بۆ سەر پارێزگای سەڵاحەدین گوازرایەوە. قەزاكە ناحیەكانی یەنگیجە، سلێمان بەگ، ئامرلی لەسەرە و، دانیشتوانەكەی لە كورد و توركمان و عەرەب پێكدێت.