هاتوچۆی هەولێر لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل روونکردنەوە دەدات.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بڵاویکردەوە، وەک لای هەمووان ئاشکرایە ئەنجامدانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە کاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کارێکی باش بو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لەسەر درا بۆ زامنکردنی مافی یاسایی کڕیار و فرۆشیار لەکاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کە ئەم ئەرکە بەکەس و لایەنی شارەزا و تایبەتمەند سپێردرا بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە .
دەشڵێت، بەڵام هەندێک کەس ئەم هەنگاوەیان قۆستەوە بۆ بەرژەوندیی ماددی خۆیان کە هەستان بە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە بۆ کڕیار و فرۆشیاران لەناو کابینە هەندێک جار لەناو ئۆتۆمبێل لە سەرشەقامە کان و کەسانێکیش چاو ساغی و دەڵاڵییان بۆ دەکردن کە هەم سیمایەکی ناشارستانی بو هەم ئیستغلالی هاوڵاتییان دەکرا.
باس لەوەشدەکات، ئەوەی جێگای سەرنجە کەسانێکی ناشارەزا گرێبەستەکەیان ئەنجامدەدا کە زۆرترین هەڵەیان ئەنجامدەدا لە کاتی پڕکردنەوەی گرێبەستەکە کە لەئەنجامدا هاوڵاتی تووشی کێشە دەبوو، دەبوایە گرێبەستەکە هەڵبەوەشێنێتەوە دووبارە گرێبەستێکی دیکە ئەنجامبداتەوە، کە کاتێکی زۆری بەفیڕۆ دەڕۆیشت و زیانی مادیشی پێدەگەیشت.
ئاماژە بەوەشدەکات، بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ دووبارە رێکخستنەوەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بڕیاریداوە کە ئەم گرێبەستە لە ئەمڕۆوە کارابکرێت بۆ رێگەگرتن لەو گرفتانەی روویان دەدا.
هاتوچۆی هەولێر ئەوەش دەڵێت، “داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە شوێنە تایبەتمەندەکان و لای کەسانی شارەزا ئەنجامبدەن”.