یەكێتی لە سلێمانی، كەركوک، هەڵەبجە، راپەڕین، كۆیە و گەرمیان هێزی یەكەمە

کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتاییهات و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەركەوتنی گەورەی لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەدەسەتهێناوە.

لە پارێزگای سلێمانی، بە رێژەیەكی بەرچاو دەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێش دەنگی لایەنەكانی دیكەوەیە و جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ لایەنەكاندا هەیە، هەر بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، یەكێتی لە گەرمیان دەنگێكی زۆری بەدەستهێناوە و ركابەری نییە.

میدیای رەسمیی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە جگە لەوەی هێزی یەكەمە، رێژەی دەنگەكانیشی بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیکردووە، هەروەها لە شاری كۆیە دەنگەكانی یەكێتی بەشێوەیەكی بەرچاو ركابەرەكانی جێهێشتووە و یەكەمی شارەكەیە، ئەمە جگە لە سەركەوتنەکەی لە دەڤەری راپەڕین، کە یەكەمی حزبەكانە و جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگشتی دەنگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ناوچە جێناكۆكەكان بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و لە پارێزگای كەركوک یەكەمە و لە ناو حزبە كوردستانییەكاندا ركابەری نییە، هەروەها لە خانەقین و خورماتوو دەنگەكانی یەكێتی زیادیکردووە و لە خانەقین یەكەمە.

لە پارێزگای نەینەوا، یەكێتی كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی (یەكێتیی خەڵكی نەینەوا) بەشداریی هەڵبژاردنی كردبوو، دەنگی زۆری بەدەستهێناوە، هەر بەپێی ئەنجامە ناڕەسمییەكان، یەكێتی لە هەولێر هێزی دووەمە و دەنگەكانیشی لە هەڵكشاندایە، ئەمە جگە لەوەی لە بەشێک لە شارۆچكەكانی پارێزگای دهۆک، یەكێتی هێزی دووەمە و دەنگی زۆری بەدەستهێناوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share