وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دوو ئەرکمان هەیە، ئەرکێکیان دەنگدانە و ئەوی دیکەش یارمەتیدانی هاوڵاتییانە تاوەکو کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەرک و کاری ئێمە ئەمڕۆ جیاوازە، دوو ئەرکی جیاوازمان هەیە، ئەرکێمان بریتییە لە بەشداریکردن لە ئەرکێکی پیرۆزدا کە دەنگدانە، کە گرنگیی خۆی هەیە بۆ کورد لە داهاتوودا، ئەرکی دووەممان ئەوەیە کە هاوکاری هاوڵاتییان بین تاوەکو کاروبارەکانی رۆژانەیان بە باشترین شێوە ئەنجامبدەن.
دەشڵێت، تیمەکانمان دابەشکردوون و کاتمان بۆ داناون کە چ کاتێک دەنگ بدەن، تاوەکو شەقامەکان چۆڵ نەبن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی هاوڵاتییان کاروبارەکانیان نەوەستێت و کارمەندەکانیشمان دەنگ بدەن و هیچ گرفتێک دروستنەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکە گرنگەکەی ئێمە رۆژی دەنگدانی گشتیی دەستپێدەکات، کە شان بە شانی هێزە ئەمنییەکانی دیکە کەشێکی ئارام بۆ هاوڵاتییان دەڕەخسێنین.