ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی رایگەیاند، بیریانچووەتەوە دوای 11ـی 11ـی 2025، دەبێت سەنەوی و موڵکداریی پڕۆژەکان بگێڕنەوە سەر ناوی حکومەتی هەرێم.
ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، نووسینێکی لە هەژماری خۆی بڵاوکردووەتەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
لەوە گەڕێن کە جیاکاری دەکەن لەنێوان شارەکاندا، ئەم دۆسیە وا زەقە، کە دەڵێی لەناو نایلۆنێکی شەفافدا پێچراوەتەوە، هەموو لایەکی دیارە، بەڵام عەیب و شەرمی گەورە ئەوەیە، ئەو پڕۆژانەی لە شوێنە دڵخوازەکانی خۆیان کردوویانە بەناوی لق، ناوچە و رەنگی زەردەوە تۆماریدەکەن، نەک بەناوی رەسمیی حکومەتەوە. بەشێنەیی گوایە ئەوە حکومەتی هەرێم کردوویەتی، بەڵام ئەمانە لەتاو پەتای هەڵبژاردن، کردوویانەتە دەستکەوتی حزب و رەنگی زەردی لێ دەپێچن.
جیاوازیی زۆنەکەیان وا زەق کردووەتەوە، بیریان چووەتەوە دوای 11ـی 11ـی 2025، دەبێت سەنەوی و موڵکداریی پڕۆژەکان بگێڕنەوە سەر ناوی حکومەتی هەرێم. بێئاگا لەوەی لەوانەیە پڕۆژەیەک لەو دهۆک و هەولێرە، بە واژوو و سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرێکی گشتیی سەوز و یەکێتی، دەرخستەی جێبەجێکردنی بۆ دەرکرابێت.
ئێستا کەمپینە و حزبێتی تۆخە، هەرچی کراوە و هەرچی دەکرێت مۆری حزبی لێدراوە و حکومەت ئەو حکومەتە ئیئتیلافییە نییە کە رۆژانە گۆرانی بە باڵادا دەڵێن و نیشتمانی پێ دەلاوێننەوە.
خیتابی هەڵبژاردنی پارتی و کەمپینەکەی وا لە قوڕ و چڵپاوی حزبایەتیدا چەقیوە، بە ئیقراری خۆیان لەودیو دێگەڵەوە، نە پایتەخت هەیە و نە کۆنسوڵخانەکان هەیە و نە مۆر و مشەمای حکومەت هەس و دەیخوات، هەر پارتییە بڕیاردەدات و هەر پارتییە پڕۆژە دەکات و حکومەتی هەرێم تەنیا ناوێکی پارتییە و لای پارتی حکومەت دەزگایەکی بۆشە، مەگەر بۆ کتێبی ساڵنامە و نووسراوی ئەرشیڤی ناوی بێت.
لای پارتی حکومەت نە کاربەڕێکەر و نە وەزارەتی حەوت تەرەقەیە، تەنیا و تەنیا پارتییە و گۆڕەپانەکە لە دامەزراوەی رەسمیی حکومەتایەتی خاڵی بووەتەوە.
بابەتەکە ئەوە نییە شارەوانیی هەولێر و دهۆک خەریکی پڕۆژەن و شارەوانیی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین کەمتەرخەمن و کەم حەوسەڵەن، بابەتەکە ئەوەیە هەرچی هەیە پارتی دەیکات و هەرچی ناکرێت پارتی قەول و قەراری لەسەر نەداوە. یانی شار بێ حاکم و والییە و جادەی رەسمیی حکومەت لە هەر رێبوارێک خاڵییە.
جا قوربان، رێک ئەمە سەرنجەکانی یەکێتییە لەسەر حکومەتی تۆخ و تەسکی پارتی و نیگەرانییەکانی راست و رەوان کە تەنانەت نەک جێی هاوبەشی و شەراکەت، بەڵکو رێی شایەتمان و شەهادەتیان لێ تاپۆیە.
بەڕاستی بەرنامە و خیتابی کەمپینی پارتی، هەرخۆی سەلمێنەری راستیی وتەکانی یەکێتییە کە دەڵێت، ‘دەسەڵات لەودیو دێگەڵە قۆرخکراوە و حوکمڕانیی پارتی جیاکار و نادادپەروەرە لە مامەڵەی ئەمدیوی دێگەڵەشدا’.
ئەمڕۆ یەکێتی دەیەوێت ئەم قۆرخە نەمێنێت کە پارتی خۆشی بە روونی لە هەڵمەتی سەرکردەکانیدا وێنای دەکات.
بەکارهێنانی دەستکەوتەکانی حکومڕانی لە پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری، وەک شمەک و کاڵایەکی هەرزان بۆ مانەوە لە دەسەڵاتی حزبی دژی هاوبەشەکانت لە هەمان حکومەت، خۆی بەڵگەیە لەسەر قۆرخکردنی دەسەڵات و رێگەگرتن لە شەراکەت و هاوبەشی، نەک هەر بڕوانەبوون بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات.
لەوەگەڕێ ئەمانە باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نییە، بەڵکو شەراکەتیش قبوڵناکەن، چونکە تاپۆی هەموو شتێکیان بۆ خۆیان دەوێت.