وەزارەتی کار: بێکاری لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی دارایی و کۆرۆناوە زیادیکردووە

بێکاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستێکی بەرزدایە، بەجۆرێک لە ساڵی 2007 تاوەکو 2018 بەڕێژەی %17 هەڵکشاوە، لەگەڵ ئەوەی ئامارەکان دوو ساڵ بەر لە ئێستا تۆمارکراون بەڵام کۆرۆنا هۆکارێکی حاشا هەڵنەگری بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکارییە، وەک بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ دەکەن.

ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2018ەوە هیچ ڕوپێوییەکی بۆ ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی هارێم ئەنجامنەداوە، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی بودجەی بەردەست و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە”.

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان وتیشی، “بەپێی ئاماری ساڵێ 2018 لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری %9یە، بەڵام دەستەکان لە ڕووی تەمەن و ڕەگەز و بڕوانامەوە جیانەکراونەتەوە”.

سەبارەت بە بەرزبوونەوە یاخود دابەزینی ڕێژەی بێکاری لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕوپێوی نەکراوە سیروان محەمەد ئاشکرایکرد کە هۆکارەکانی کۆرۆنا و دۆخی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن عێراقەوە نانێردرێت کاریگەری نەرێنییان لەسەر ڕێژەی بێکاری هەبووە و بەدڵنیایی ئەگەر ڕوپێوی بکرێت ڕێژەکە زیاتر بەرزبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری چەند هۆکارێکی هەیە ئەوانیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەککەوتنی کاری بەشێک لە کۆمپانیا و شوێن کارەکانی کەرتی تایبەتە هەروەها ئەو دۆخە داراییەی بەهۆی کێشەکانی نێوان بەغداد و هەرێمەوە لە کوردستان دروستبووە هۆکارێکی دیکەیە ئەمەش ژمارەیەکی زۆر لە دەستیکاری لە هەرێم بێکار کردووە”.

ئەمە لەکاتێکدایە لیژنەی دارایی و ئابوریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە ڕێژەی بێکاری لە ناوەراست و باشوری وڵات لە داوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا %40ی تێپەڕاندووە بەراورد بە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە ئەو ڕێژەیە %20 بووە.

بە پێی دواین ئامار کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، عێراق لە ئێستادا ڕێژەی %22ی دانیشتوانەکەی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن و هۆکارەکەشی بۆ ئەو قەیرانە داراییە دەگەڕێنێتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دروستی کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکە ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان %5.5ە، لە پارێزگای هەولێر (٦.٧)، سلێمانی (٤.٥) و دهۆک (٨.٦)یە.

پلانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕەخساندنی هەلی کار:

ئاریان ئەحمەد، سەبارەت بە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “وەزارەتی کار لە ڕێگەی قەرزی بچوکەوە کە دەدرێت بە هەر کەسێک بیەوێت کارێک بۆ خۆی بونیاد بنێت یان پرۆژەیەکی هەبێت بۆئەوەی خۆی کاربکات و چەند هەلێکی کاریش بڕەخسێنێت هەوڵیداوە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و هاوکاریکردنی خەڵک بۆ دەستخستنی کار”.

وتیشی، یەکێکی دیکە لە پلانەکانی وەزارەتمان ڕێکخستنی کاری کرێکاری بیانی و هێنانی کرێکارە تاوەکو سنورێک بۆ هێنانی کرێکاری بیانی دیاریبکرێت، چونکە ئێستا یەکێک لە کێسەکان و هۆکارەکانی کەمبوونەوەی هەلیکار و بێکاربوونی هاوڵاتییانی خۆمان هێنانی ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانییە لە ڕێگای کۆمپانیاکانەوە.

باسیلەوەکرد، وەزارەتی کاری هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراقدا پلانیان بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە داناوە تاوەکو ڕێگە نەدرێت بەم جۆرەی ئێستا کە وەک بازاڕی ڕەش مامەڵە بەو بیانیانەوە دەکرێت بەردەوامبێت، لە هەوڵداین هەر کرێکارێکی بیانی دەهێنرێت لەڕێگەی وەزارەتەوە بێت، بەڵام ئێستا کرێکار لەدەرەوە بەناوی گەشتیارییەوە دەهێنن و ناڕواتەوە و لێرە کاردەکات.

لەبارەی ئەوەی چی لەو کرێکارانە دەکرێت کە هێنراون بەڕێگەی نایاسایی وتی، ئێمە نە مۆڵەتی کاریان پێدەدەین نە مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان پێدەدەین، بەڵام ناردنەوەیان کاری ئێمە نییە و وەزارەتی ناخۆ ئەوە یەکلایی دەکاتەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار باسیلەوەکرد کە کۆرۆنا لێکەوتەی خراپی زۆری هەبووە بەڵام بێکاربوونی خەڵک یەکێکە لە لێکەوتە دیارەکانی ئەو پەتایە و ژمارەیەکی زۆر لەوانەی کاریان دەکرد بێکاربوون بەهۆی داخستن یان کەمکردنەوەی کارمەندانی کەرتی تایبەتەوە.

هەر لەوبارەیەوە سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە یەکێک لە چارەسەرەکانی بێکاری کەمکردنەوە و سنوردانانە بۆ کرێکاری بیانی و هێنانیان بە ڕێگەی قاچاخ.

ئەحمەد علوانی، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق پێشتر لە سەردانێکیدا بۆ هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 300 هەزار کرێکاری بەنگلادیشی بەشێوەیەکی نایاسایی لە عێراق کاردەکەن، وەزارەتی کاریش بەشێوەیەکی یاسایی تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو کرێکارانەدا دەکات کە بەشێوەی یاسایی و بە مۆڵەتی کارکردنی فەرمی هاتوونەتە عێراق.

هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری کاری هەرێمی کوردستان هەردوولا ڕایانگەیاند کە سەدان هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن، ئەمانە هۆکارن بۆ دروستبوونی بێکاریی زیاتر بۆیە دەمانەوێت ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە هاتنی کرێکاری بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان یەکبخەین، تاوەکو بێکاری کەمبکەینەوە و هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتییانی خۆما بڕەخسێنین.

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە عێراق لەبەرزبوونەوەدا دەبێت، بەجۆرێک لە ماوەیەکی کورتدا بە ڕێژەی %7 بۆ %14 بەرزدەبێتەوە و هۆکارەکەشی بۆ قەیرانی دارایی لە عێراق دەگەڕێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

شەمەندۆفێرەکەی وێڵز تێیدەگات؟ مۆرینیۆ کۆتا پەیامی ئاڕاستەی بەیل کرد..

بابەتی دواتر

سبەی شاندی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share